وتەبێژی پارتی: دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ماوەیەکی زۆری دەوێت
  2019-12-05       797       

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە "کارێکی قورس" ناودەبات و دەڵێت؛ ماوەیەکی زۆری دەوێت. سەبارەت بە رێككەوتنەكانیان لەگەڵ لایەنەكانی بەشدار لەحكومەتی هەرێمی كوردستانیش جەخت دەكاتەوە كە حزبەكەی پابەند دەبێت بە جێبەجێكردنیانەوە.

ئاوێنە: مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە میدیای گۆڕانی راگەیاند؛ پارتی دیموکراتی کوردستان پابەندە بە جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنەکانیان لەگەڵ لایەنەکانی بەشدار لە کابینەی حکومەتی هەرێم و ئێستاش لەناو ئەنجومەنی وەزیرانەوە کار بۆ جێبەجێکردنی دەکەن.

سەبارەت بە دۆخی عێراق و گۆڕانکارییەکان، مەحمود محەمەد وتی"کۆمەڵێک کۆبونەوە هەیە لەلایەن سەرجەم لایەنەکانی بەشدار لە پڕۆسەی سیاسی عێراق و زۆربەی لایەنەکانی هەرێمیش نوێنەریان هەیە لەو کۆبونەوانەدا، هەروەها هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی کۆدەنگییەک لەنێوان فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا دروست بکرێت بۆ ئەوەی پێکەوە کار بکەن."

لەبارەى پڕکردنەوەى شوێنى عادل عەبدولمەهدى و پێشکەشکردنى کاندیدێک بۆ سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق، مەحمود محەمەد وتی"ئەوە کارێکی قورسەو بە دڵنیاییەوە دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران ماوەیەکی زۆری دەوێت، بەڵام هەوڵدەدرێت بە ئاڕاستەی ئەوەی کێشەکان لەوە زیاتر قوڵنەبنەوە، چونکە تا کێشەکان بەوشێوەیە بمێنێتەوە ئاڵۆزتر دەبێت و دەستی زیاتر دێتە ناو بابەتەکانەوەو چارەسەرکردنیشیان قورستر دەبێت."

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×