2019-12-24   610     
قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر، نەبەز عەبدولحەمید: ''٣١٢ دەرمانخانە و کۆگای دەرمان داخراون و بە بەهای ١٦٥ ملیۆن دیناریش سزادراون و ئەو کەسانەیشی کە بە درێژایی ئەمساڵ دەستگیرکراون، ٢٣٨ کەس بوون کە ١٢٠یان رەوانەی دادگا کراون و ئەوانی دیکەش بەڵێننامەیان پێ پڕکراوەتەوە''.
قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر، نەبەز عەبدولحەمید رایگەیاند کە لە ساڵی ٢٠١٩دا لە رێگای لیژنە تایبەتمەندەکانییانەوە، ٦٢٥ سەردان بۆ شوێنە گشتییەکان ئەنجامدراوە و ٥٥٠ شوێنیش سزادراون.
نەبەز عەبدولحەمید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ساڵی ٢٠١٩ کاروچالاکییەکانی رایگەند و وتی: “نزیکەی ٢٨ لیژنەمان ھەیە کە نوێنەری ھەموو لایەنەکانی تیادایە، ئەوەی کە کرنگە و تایبەتە بە چاودێریکردنی بازاڕ، ٦٢٥ سەردان ئەنجامداوە بۆ پشکنین و ھەڵسەنگاندن کە لە میانیدا، ٥٥٠ سەرپێچی تۆمارکراوە و سزادراون”.
نەبەز عەبدولحەمید وتیشی: “لە ئەنجامی پشکنینەکان، ١٣٠ شوێن داخراوە و کۆی مەوادە بەسەرچووانەی کە دەستی بەسەردا گیراوە برییتی بووە لە ٣٧٥ هەزار تۆن و ٨٢٨ کلیۆگرام بەھۆشیانەوە سزای بەندکردن ھەبووە، ھەروەھا سزای دارایی سەپێندراوە بەسەر سەرپێچیکاران کە بڕەکەی ٢٢٤ ملیۆن دینار بووە”.
قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر(ئەربیل) تیشکی خستە سەر سێکتەری دەرمان و گوتی: “٣١٢ دەرمانخانە و کۆگای دەرمان داخراون و بە بەهای ١٦٥ ملیۆن دیناریش سزادراون و ئەو کەسانەیشی کە بە درێژایی ئەمساڵ دەستگیرکراون، ٢٣٨ کەس بوون کە ١٢٠یان رەوانەی دادگا کراون و ئەوانی دیکەش بەڵێننامەیان پێ پڕکراوەتەوە”.
نەبەز عەبدولحەمید وتیشی: “بەهۆی ئەو سەرپێچییانەوە، ١٥٤ ئۆتۆمبێل دەستی بەسەرداگیراوە و کۆی دەرمانی دەستبەسەرداگیراویش لە ھەولێر ٧٨ تۆن بووە و بەشێوەیەکی تەندروست لەناو براون”.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ئاماژەی بە مۆلیدە ئەهلییەکان کرد و وتی: ''لەناو شاری هەولێر، ھەزار مۆلیدەی ئەهلیی هەیە و لە میانی ئەمساڵدا، ١١٤ خاوەن مۆلیدە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە و ٣٠ خاوەن مۆلیدە دراوەتە دادگا بەھۆی پابەندنەبوون بە رێنماییە تەندروستی و ژینگەییەکان''.
ئەو ئاماژەی بەوەیشکرد کە لیژنەکانی زێدەڕۆیی قایمقامییەت، ١٨٥ خانووی زێدەڕۆییان تێکداوە و ئاشکرایشی کرد کە ٢١ شوێنی کشتوکاڵی و چاندن، ١٨ کۆمپانیای فڕۆکەوانیی، ١١٢ شوێنی گشتی بەهۆی پابەندنەبوونییان بە رێنماییەکانی بەرگریی شارستانی و لەدەرەوەی شاری هەولێریش، ٤٥ شوێنی چاندنی سەوزە کە بە ئاوی پیس ئاودەدران، داخراون.
قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر، نەبەز عەبدولحەمید وتی: ''لە شاری ھەولێر ١٩٠ خانوو، ٤٣ باغ، ١٨٥ دوکان تێکدراون و بۆ زێدەرۆیی کارەباش ١٩٠ شوێن کارەبایان بڕدراوە و ١٨ محاویلەی کارەبا، ٢٥ ئامێری لێدانی بیر دەستی بەسەردا گیراوە و یەک پاڵاوگەش تێکدراوە، ١٣ شوێنی مەیفرۆشتن تێکدراون و داخراون. ھەر لەمساڵەشدا، ٩٢١ سواڵکەر دەستگیرکراون. ئەوانەی لە سەرووی ١٨ ساڵیەوەن بریتیین لە ٤٧٦ کەس ئەوانی تر تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵییەوەیە''.