2020-03-23   3636     
نیکۆس کازانتیکیس
نیکۆس کازانتزاکیس
و/ دلاوەر قەرەداغی
سودوم و گۆمۆره به درێژایی به‌سته‌ری ڕووباره‌كه وه‌ك دوو سۆزانی، كه خه‌ریكی ماچكردنی یه‌كتر بن، ڕاكشابوون. پیاو له‌گه‌ڵ پیاو و ژن له‌گه‌ڵ ژن و پیاوان له‌گه‌ڵ ماین و ژنان له‌گه‌ڵ که‌ڵه‌کێویدا ئاوێزانی یه‌كتر ده‌بوون. هه‌موان تا سنووری ئینتهلاكردن له دره‌ختی ژیان و له دره‌ختی مه‌عریفه‌یان ده‌خوارد. كاتێك په‌یكه‌ره پیرۆزەكانیان شكاندن، بینییان جگه له‌دار و به‌رد چیدیكه نه‌بوون، كاتێك ئه‌ندێشه‌كانیان شكاندن، بینییان پڕ بوون له هه‌وا. كه له خودا نزیك و نزیكتر بوونه‌وه، گوتیان:”ئه‌م خودایه باوكی ترس نییه، بەڵكو فەرزەندی ترسه!" ئیدی ترسیان شكا. له‌سه‌ر هه‌ر چوار دەروازەی شار به‌پیتی زه‌رد و درشت نووسییان:”هیچ خودایه‌ك لێره نییه!" ده‌سته‌واژه‌ی خودا لێره نییه مانای چ بوو؟ مانای ئه‌وه بوو هیچ سانسۆرێك له‌سه‌ر غه‌ریزه‌مان نییه. كاری چاك پاداشت و كاری خه‌راپ سزای نییه، نه چاكه‌خوازیی هه‌یه و نه شه‌رم هه‌یه و نه دادپه‌روه‌ری، واته ئێمه هه‌موومان گۆڵهگورگ و دهڵەگورگین له دۆخی ناوهكوتێدا*.
خودا تووڕه بوو. بانگی ئیبراهیمی كرد:”ئیبراهیم!"
" مه‌ولا، ئه‌مركه!"
" ئه‌ی ئیبراهیم، مه‌ڕ و وشتر و سه‌گ و خزمه‌تكار و كه‌نیزه‌ك و ژن و كوڕه‌كه‌ت ببه و بڕۆ، بڕۆ... من گه‌یشتومه‌ته بڕیارێك!"
" گه‌وره‌م،(گه‌یشتومه‌ته بڕیارێك) له كه‌لامی تۆدا واته بڕیارم داوه بكوژم!"
" ئاخر ئەقڵیان زیاد له‌پێویست چەقاوەسوو بووه، دڵیان زیاد له‌پێویست شادمان بووه، ورگیان پتر له ئه‌ندازه هه‌ڵاوساوه، قێزم لێیان دێته‌وه. له ئاسن و به‌رد خانوو ڕۆ ده‌نێن وه‌ك بڵێی نه‌مر بن. كووره به‌كار دێنن و ئاگری تێدادهكهنهوه و ئاسن ده‌توێننه‌وه. من بیابانهكهم وه‌ك مرۆیه‌كی گه‌ڕوگول له‌سه‌ر عه‌رد داناوه. بۆچی؟ چونكه ئیراده‌م وای خواستووه! كه‌چی خه‌ڵكه‌كه‌ی سودوم و گۆمۆره ئاویان بۆ ڕاكێشاوه و كێڵاویانه و كردوویانه‌ته باخوباخات. توخمه نه‌مره‌كانی ئاو و ئاسن و به‌رد و ئاگریان خستۆته ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە. ئیدی من لێیان وه‌ڕس بووم و گه‌ییوه‌ته تینم. ئه‌وانه لە درەختی مهعریفەیان خوارد، سێویان ڕنی. ئه‌وانه ده‌بێ بمرن."
" خودایه، ده‌بێ هه‌موویان بمرن؟"
" هه‌ر هه‌موویان! ئه‌ی مه‌گه‌ر من قادیری ڕه‌ها نیم؟"
" خودایه، تۆ قادیری ڕه‌ها نیت له‌به‌رئه‌وه‌ی دادپه‌روه‌ریت. ئاخر ناعه‌داله‌تیی و عه‌یب و عهبهست لێنایه‌ت!"
" ئێوه... ئێوه‌ی كرمەیلی سه‌ر له‌ژێر خاك دهرهانیو، له خاكه‌وه تین تێهاتوو، له‌خاك بوو، بۆ خاک گه‌ڕاوه.... ئێوه كه‌نگێ عه‌دل و ناعهدل، سه‌روه‌ریی و شوره‌یی، مه‌نتیق و نامه‌نتیق ده‌فامن؟ حیكمەتی كامڵی من كه‌نگێ له بازنه‌ی دركی ئێوه‌دا جێی ده‌بێته‌وه! ئیراده‌ی من خه‌ره‌ندێکه، ئێوە ناتوانن تاماشای بکه‌ن و زیڕە نەکەن!"
" تۆ خاوه‌نی عه‌رد و ئاسمانیت. ژیان و مه‌رگت له پاڵ یه‌كدا به دەستێك ڕاگرتووه و هه‌ڵیان ده‌بژێریت. من له كرمێك زیاتر نیم، له ئاو و خاكم. به‌ڵام تۆ ڕۆحی خۆت پێبه‌خشیوم، تۆ ڕۆحت به به‌ری ئاو و گڵ‌دا كردووه. هه‌ربۆیه جورئه‌تی ئه‌وه‌م هه‌یه بدوێم! هه‌زاران ئینسان له سودوم و گومۆره هه‌ن كه ده‌خۆن، ده‌خۆنه‌وه، لاف لێدەدەن، پێده‌كه‌نن، گاڵته ده‌كه‌ن، ده‌زێن و دهزێنن. هه‌زاران ئه‌قڵ هەن هه‌روه‌ك مار هه‌ڵده‌ستنه سه‌ر كلك و به فیكه‌یه‌ك ژه‌هری خۆیان به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵده‌ده‌ن. به‌ڵام گه‌ر له‌نێو ئه‌و هه‌مووه‌دا چل ڕۆحی چاكه‌خواز هه‌بن، گه‌وره‌م ئایا ئه‌وانیش ده‌سوتێنیت؟"
" ناویان بهێنه! ئه‌و چل كه‌سه كێن؟"
" په‌روه‌ردگاری من، ئه‌ی ئەگه‌ر بیست كه‌س بن چیی؟ بیست ڕۆحی چاكه‌خواز؟"
" ناوه‌کانیانم ده‌وێ! تا پەنجەژمێریان بکەم!"
" په‌روه‌ردگاری من، ئه‌ی ئه‌گه‌ر ده كه‌س بن؟ ده ڕۆحی چاكه‌خواز! ئه‌ی ئهگهرپێنج كه‌س بن؟"
" ئیبراهیم، ئه‌و ده‌مه بێ ئەدەبەت داخه!"
" مەولا به‌زه‌ییت هه‌بێ. تۆ نه‌ك هه‌ر به ته‌نها دادپه‌روه‌ریت، به‌ڵكو میهرهبانیشیت. هاوار به‌ماڵمان ئەگه‌ر تۆ ته‌نها قادیری ڕه‌ها بایت، ئه‌وسا هه‌موومان ته‌فروتوونا ده‌بووین. به‌ڵام ئه‌ی په‌روه‌ردگار تۆ میهرەبانیت. هه‌ر بۆیه ئاده‌میزاد هێشتا ده‌توانێ له‌سه‌ر لاقی خۆی ڕابوه‌ستێ!"
" كڕنۆش مه‌به، ده‌ست مه‌هێنه بۆ گرتنی ئه‌ژنۆم. من ئه‌ژنۆم نییه. بێهوده‌یه، مهكڕوزێرهوه و مه‌ناڵێنه. من دڵم نییه. من سه‌رسه‌ختم، له گابه‌ردێكی ڕه‌شی خارا ده‌چم. هیچ ده‌ستێك ناتوانێ شوێنی خۆیم له‌سه‌ر جێبهێڵێ. من بڕیاری خۆم داوه: سودوم و گۆموره دەسووتێنم!"
" مه‌ولا پەلە مەکە! بۆچی ئاوها په‌له‌ی کوشتنیت. یه‌کێکم دۆزییه‌وە..."
" ئه‌ی كرمی چنگ له خۆڵ گیركردوو، كێت دۆزییه‌وه؟"
" کەسێکی دادمه‌ند!"
" كێ؟"
" ڵوت، كوڕه‌كه‌ی هاروونی برام!"
هەروا کە بێجووڵە لەسەر تەپۆڵکە لمینهکە ڕاوەستابووم، هەستم دەکرد لاجانگهکانم دهیانسیرکاند. لە ناوەوەمڕا دەنگی خودام دەژنەوت کە لەگەڵ دەنگی ئینساندا دەستەویەخە لێکئاڵابوون. بۆ ساتێک وا پێدەچوو هەوا ئه‌ستوور بووبێ و ڵوت، پێ خاوس و تووڕە، بە ڕیشی گرێگرێ و گڕێکی شاقووڵی بە هەنیەیەوە لە بەرامبەرمدا ڕاوەستابێ. ئەم (ڵوت) ــە، کۆیلەکهی ناو تەورات نه‌بوو، به‌ڵكو (ڵوت) ی خۆم بوو. یاخییه‌ک بوو كه به گوێی خودای نه‌ده‌کرد و هه‌ڵده‌هات، به‌زه‌یی به‌و شاره خۆش و گوناهبارهدا ده‌هاته‌وه و به ویستی خۆی، خۆی له‌نێو ئاگر ده‌نا و له‌گەڵ شارەکەدا تیاده‌چوو.
ڵوت به ده‌نگی به‌رز بانگی ئیبراهیمی كرد:”به (ئه‌و) بێژە من لێره ناڕۆم. من سودوم و گومۆرهم. ئه‌مه‌ی پێبڵێ و پێشی بڵێ من ناڕۆم. چما ئه‌دی خۆی ناڵێ و شانازی به‌وه‌وه ناكات كه منی ئازاد خوڵقاندووه؟ دەی كه‌واته هه‌رچیم پێخۆش بێ ئه‌وه ده‌كه‌م. كه‌واته من ناڕۆم!"
ئیبراهیم وەڵامی دایەوە:"ئه‌ی یاخیگه‌ر، من ناچمه ژێر باری ئه‌وه‌وه. ماڵئاوا!"
" ماڵئاوا ئه‌ی چاوگه‌ی پیری فه‌زیڵه‌ت، ماڵئاوا ئه‌ی بهرغۆڵهی خودا! به ئاغاكه‌ت بڵێ كه (ڵوت) ی پیر سڵاوت لێده‌كا. ڕاوه‌سته، پێی بڵێ كه ئه‌و دادپه‌روه‌ر نییه، میهره‌بانیش نییه، به‌ڵكو ئه‌و ته‌نێ قادیری ڕه‌هایه. ته‌نێ قادیری ڕه‌هایه، ئه‌و ته‌نێ به‌هێزه و هیچی تر!"
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
* ناوەکوتێ: ترۆپکی هەوەسی سێکسواڵی لای ئاژەڵی مێ
چەند پەراگرافێکە لە"ڕاپۆرت بۆ گریکۆ"ی نیکۆس کازانتزاکیس، دلاوەر قەرەداغی وەریگێڕاوە
