2020-05-26   935     
ئهنجومهنی وهزارهتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا کۆتایی بەخوێندنی ئەمساڵ بهێنێتو خوێندکاران تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ ئهنجامنهدهن.
ئاوێنه: ئهمرۆ سێشهممه، ئهنجومهنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومهتی هەرێمی کوردستان كۆبوهوه تێیدا بڕیاری كۆتایی لهبارهی چارهنوسی خوێندنی ئهمساڵی خوێندكارانی زانكۆو پهیمانگاكانی ههرێمی كوردستاندا.
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی کۆتایی بەخوێندنی ئەمساڵ هێناو بڕیاریدا خوێندکاران تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ ئهجامنهدهنو نمرەی کۆرسی یەکەمیان بۆ هەژمار بکرێت.
بڕیاریشداوه كه لهرێگهی ئۆنلاینهوه هاوكاری خوێندكاران بكرێت، بهتایبهتی ئهو خوێندكارانهی دهرناچن بهنمرهی كۆرسی یهكهم.
تاقیکردنەوەی کۆرسی یەکەم لە 20 نمرەیە، ئەگەر هەر خوێندکارێک 10 بەرەو سەر بهێنێت، ئەوا بە دەرچوو هەژمار دەکرێت، ئەگەر نمرەکەی لەخوار 10 بو، خوێندکارەکە تاقیکردنەوە ناکات، بەڵکو راپۆرتێک لەو بابەتەی تێیدا دەرنەچووە بۆ مامۆستاکەی دەنێرێت، پاشان نمرەی راپۆرتەکە لەگەڵ نمرەکەی کۆدەکرێتەوە.
سەرجەم بڕیارەكانی وەزیری خوێندنی باڵا بخوێنەوە
بڕگەی یەكەم: ئەو زانكۆیانەی كە پەیڕەوی بۆڵۆنیا پرۆسێس دەكەن بەم شێوەیەی خوارەوە بڕیاردرا:
1. ئەژماركردنی هەموو ئەو كریدیتانەی كە خوێندراوە و تاقیكردنەوەی تێدا ئەنجام دراوە بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠).
2. ئەو كریدیتانەی كە نەخوێندراوە ئەوا دابەش دەكرێت بەسەر سیمیستەرەكانی داهاتوو لە ساڵی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١) و لە سیمیستەرەكانی ساڵانی داهاتوو دەخوێندرێت، چونكە بە گوێرەی سیستمی بۆڵۆنیا ئەم جۆرە گۆڕانكاریانە ڕێگەپێدراوە بە پێی بنەماكانی كۆكردنەوەی كریدیت.
بڕگەی دووەم: سیستەمی ساڵانە و سیستەمی كۆرسات: بەم شێوەی خوارەوە جێبەجێ دەكرێت:
1. هەموو بەشەكان (زانستییەكان و مرۆڤایەتییەكان) ئەنجامی تێرمی یەكەمیان بۆ ئەژمار دەكرێت بۆ مەبەستی دەرچوون یان دەرنەچوونی ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠).
2. ئەو قوتابی و خوێندكارانەی كە لە ئەنجامەكانی تێرمی یەكەم دەرنەچوون یاخود تاقیكردنەوەیان نەكردوە، ئەوا زانكۆكان لە ڕێگەی ڕاپۆرتی زانستی یاخود هەر میكانیزمێكی تری گونجاو هەڵسەنگاندن ئەنجام ئەدەن، بەبێ ئەوەی قوتابیان و خوێندكاران بگەڕێنەوە نێوكامپەسی زانكۆكان.
3. ئەو قوتابی و خوێندكارانەی كە بەئەنجامەكانی تێرمی یەكەم دەرچوون ئەوا سەرپشكن كە دوبارە بەشداربن لەو هەڵسەنگاندنەی كە بە ڕاپۆرت و میكانیزمەكانی تر ئەنجام ئەدرێت، ئەگەر خوێندكارێك بیەوێت نمرەكانی بەرزبكاتەوە لە پێناو پاراستنی كێبڕكێی زانستی.
4. سەبارەت بە توێژینەوەی دەرچوونی قۆناغە كۆتاییەكان ئەوا نمرەكان دابەش دەكرێت لە نێوان مامۆستای سەرپەرشتیار و یەك مامۆستای تری هاوپسپۆر كە هەڵسەنگاندن بۆ توێژینەوەكە ئەنجام ئەدات.
5. سەبارەت بە قوتابیان و خوێندكارانی قۆناغی كۆتایی كۆلیجەكانی پزیشكی گشتی و پزیشكی ددان ئەوا دەنێردرێنە ناو نەخۆشخانەكان بۆ تەواوكردنی لایەنی پراكتیكی وانەكانیان و دواتر هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەنجام ئەدرێت لەبری تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠).
بڕگەی سێیەم: بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارانەی سەرەوە دەسەڵات ئەدرێت بە زانكوكان بۆ دارشتنی ووردەكاری جێبەجێكردن لەپێناو ڕەچاوكردن و پاراستنی جیاوازی و تایبەتمەندێتی نێوان زانكۆكان.
بڕگەی چوارەم: زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكانیش ئەم بڕیارانەی سەرەوە جێبەجێ دەكەن.
بڕگەی پێنجەم: سەبارەت بە قوتابیان و خوێندكارانی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دكتۆرا ئەوا بەپێی بڕیارەكانی پێشو و پرۆگرامی خوێندنی خۆیان بەردەوام ئەبن.
لە كۆتاییدا هیوای تەندروستی و سەركەوتن بۆ یەكەبەیەكەی خوێندكاران و قوتابیان دەخوازم و لە ناخەوە سوپاسی دایك و باوك و كەسوكاری بەڕێزیان دەكەم كە لە پێگەیاندنی ڕۆڵەكانیاندا ماندوو بوون و درێغییان نەكردوە،
هەروەها جارێكی تر پڕ بەدڵ سوپاسی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرە بەڕێزەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانكۆكان دەكەم كە هەمیشە لە پێناو خزمەتكردن و پێگەیاندنی ڕۆڵەكانی نیشتیمانەكەماندا درێغیان نەكردوە.
لەگەڵ هیوای سەركەوتن بۆ هەموو لایەك.
د. ئارام محمد قادر
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
٢٦/٥/٢٠٢٠