شاسوار عەبدولواحید: هەفتەی داهاتو، هەفتەی خۆپیشاندان و روخانی ئەم دەسەڵاتەیە
  2020-05-30       1148       

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند: هەفتەی داهاتو خۆپیشاندانی سەرتاسەریی دەست پێدەکات و دەیکەینە هەفتەی روخانی ئەم دەسەڵاتە.

ئاوێنە: شاسوار عەبدولواحید، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، پەیامێكی لەژێر ناوی "هەفتەی داهاتو، هەفتەی خۆپیشاندان و روخانی ئەم دەسەڵاتەیە" لەڕێگەی لاپەڕەی خۆیەوە لە فەیسبوك بڵاوكردەوە.

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە كە ئەم دەسەڵاتە هیچی نەماوەو کاتی روخانی یەکجارەکیی هاتوە، بەڵام ئەوەی کە تۆزێک فریای بکەوێت و کەمێک تەمەنی درێژبکاتەوە، پەرتەوازەیی و ساردکردنەوەی جەماوەرو خەڵکە.

بەبڕوای شاسوار عەبدولواحید، دەسەڵات دەیەوێت هەمو گروپ و خەڵکە ناڕازییەکان پەرت پەرت بکات، گومان لەسەر خەڵکی باش و نیەتی باش دروست بکات و لەبری ئەوە خۆی خەڵکی ترو نزیک لە خۆی بخاتە پێشەوە بەناوی کەسانی ناڕازیی، تا جەماوەر ساردبکەنەوەو خەڵکانی ناڕازیی بکەن بە دوژمنی یەکتر.

وتوشیەتی"لێرەوە بە هەمو لایەکی ڕادەگەیەنین هەفتەی داهاتو خۆپیشاندانی سەرتاسەریی دەست پێدەکات و دەیکەینە هەفتەی روخانی ئەم دەسەڵاتە."

لە كۆتاییشدا وتویەتی"پێویستە هاوڵاتیی ئاسایی، فەرمانبەر و موچەخۆر، کاسبکار و خەڵکانی ناوبازار، گەنجانی بێبەش لە سەروەتی ئەم هەرێمە و پیرو خەڵکانی بەتەمەنی بە ئەزمونی ئەم هەرێمە، ژنان و کچان لەپاڵ پیاواندا، هەموان پێکەوە ئامادە بین بۆ هەفتەی داهاتو. هەفتەی هەڵبڕینی دەنگمان و بێدەنگنەبون لە مافی خۆمان."

دەقی پەیامەكە...

هەفتەی داهاتو، هەفتەی خۆپیشاندان و روخانی ئەم دەسەڵاتەیە

پلانی دەسەڵات چییە بۆ مانەوەی خۆی و شکستهێنان بە خۆپیشاندانی سەرتاسەریی؟

ئەم دەسەڵاتە هیچی نەماوەو کاتی روخانی یەکجارەکیی هاتوە، بەڵام ئەوەی کە تۆزێک فریای بکەوێت و کەمێک تەمەنی درێژبکاتەوە، پەرتەوازەیی و ساردکردنەوەی جەماوەرو خەڵکە.

دەسەڵات دەیەوێت هەمو گروپ و خەڵکە ناڕازییەکان پەرت پەرت بکات، دەیەوێت گومان لەسەر خەڵکی باش و نیەتی باش دروست بکات و لەبری ئەوە خۆی خەڵکی ترو نزیک لە خۆی بخاتە پێشەوە بەناوی کەسانی ناڕازیی، تا جەماوەر ساردبکەنەوەو خەڵکانی ناڕازیی بکەن بە دوژمنی یەکتر.دەسەڵات دەیەوێت خەڵکە ناڕازییەکان لەبری ئەوەی روی دەمیان لەدەسەڵات بێت، روی دەمیان لە یەک بێت و ناکۆک بن.

بۆیە تکام وایە لەسەرجەم هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئاگاداری ئەو گەمەیە بن، زوڵم و چەوساندنەوەی دەسەڵات و ئەو هەمو ناحەقییەتان لە بیر نەچێت، نەهێڵن لەڕێی چەند کەسێک کە لە ژێرەوە پەیوەندیان لەگەڵ دەسەڵاتدا هەیەو بەرژەوەندییان هەیە، میللەت ساردبکەنەوەو خەڵکە ناڕازییەکە پەرتەوازە بکەن.

هەر کەس و گروپێک ناڕازییە لەم دەسەڵاتە، ئەوە دەبێت بەرژەوەندێی میللەت لە پێش هەمو شت ببینێت و دەنگی ناڕەزایی بەرز بکاتەوە، هەر گروپ و لایەن و کەسایەتییەکی ناڕازیی هەیە ئەوە با پێکەوە هەمویان خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن و ئێمەش وەک هاوڵاتییەکی ئەم هەرێمە لەگەڵیان دەبین، وەك چۆن لەپێشوترو ئێستا و داهاتوشدا لەگەڵ خەڵکی خۆمان دەبین.

لێرەوە بە هەمو لایەکی ڕادەگەیەنین هەفتەی داهاتو خۆپیشاندانی سەرتاسەریی دەست پێدەکات و دەیکەینە هەفتەی روخانی ئەم دەسەڵاتە.
هەموان پێکەوە بەرەو یەک ئامانج، ئامانجی گەورە، ئامانجی گۆڕینی ئەم دەسەڵاتەی کە ٢٩ ساڵە هاوڵاتی هەرێم دەچەوسێنێتەوە و زوڵم لە خەڵک دەکات.

خۆپیشاندان بۆ داوای مافی خۆتە، نەک مافی کەسیتر... خۆپیشاندان لەبەرخاتری خۆتە، نەک لەبەرخاتری کەسیتر... خۆپیشاندان بۆ ئەوەیە خۆت و خێزانەکەت و منداڵەکانتان ژیانێکی خۆشتریان هەبێت، نەک لە پێناو حیزب و لایەنیتر.

پێویستە هاوڵاتیی ئاسایی، فەرمانبەر و موچەخۆر، کاسبکار و خەڵکانی ناوبازار، گەنجانی بێبەش لە سەروەتی ئەم هەرێمە و پیرو خەڵکانی بەتەمەنی بە ئەزمونی ئەم هەرێمە، ژنان و کچان لەپاڵ پیاواندا، هەموان پێکەوە ئامادە بین بۆ هەفتەی داهاتو. هەفتەی هەڵبڕینی دەنگمان و بێدەنگنەبون لە مافی خۆمان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×