لە ئەنكەرە پۆلیس هێرشی كردە سەر چالاكییەكی ناڕەزایەتی پەرلەمانتارانی هەدەپە
  2020-06-05       452       

دوای ئەوەی دوێنێ پێنجشەممە، دو پەرلەمانتاری هەدەپە ئەندامێتی پەرلەمانی توركیایان لێوەرگیرایەوەو دواتر دەستگیركران، ئەمڕۆ هەینی پەرلەمانتارانی هەدەپە لە ئەنكەرە چالاكییەكی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە هێرشكرایە سەریان و لە جولەمێرگیش چالاكی دژبە دەستگیركردنی پەرلەمانتارانی هەدەپە قەدەغەكرا.

ئاوێنە: بەپێی ئاژانسی فوڕات نیوز، نیوەڕۆی ئەمڕۆ پەرلەمانتارانی هەدەپە کۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان لە ئەنكەرە ڕێکخست و بەرەو گوڤەن پارکی ئەنكەرە ڕۆیشتن، بەڵام پۆلیس هێرشی کردە سەریان.

فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا لە دژی لێسەندنەوەی مافی پەرلەمانتاری و دواتریش دەستگیرکردنی پەرلەمانتارەکانیان لەلایەن توركیاوە کۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان ڕێکخست.
دوای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە، پەرلەمانتارانی هەدەپە بەرەو گوڤەن پارک لە ناوچەی کیزالیی ئەنقەرە خۆپیشاندان و ڕێپێوانی ناڕەزیەتییان ئەنجامدا.

پەرلەمانتارەکان پۆستەری "کودەتا هەیە"یان بەرزکردبوەو دروشمی "ئاکەپەی کودەتاچی"یان دەوتەوە، لەوکاتەشدا پۆلیسی ئەنكەرە هێرشیان کردە سەر پەرلەمانتاران و توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجامدان.

هاوکات عومەر ئۆجالان پەرلەمانتاری ڕوحای هەدەپە و موراد چەپنی پەرلەمانتاری ئیزمیری هەدەپە لە دژی ئەو پەلامارەی پۆلیس کاردانەوەیان نیشاندا و ڕایانگەیاند، ئەوان لە دژی کودەتا ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، چەتەکانیش هەوڵدەدەن هێرشیان بکەنە سەر.

هەر لەو چوارچێوەیەداو لە دوای دەستگیرکردنی پەرلەمانتارانی هەدەپە، چالاکی لە جۆلەمێرگ بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ قەدەغە کرا.

پارێزگاری جۆلەمێرگ رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ هەمو جۆرە چالاکییەک لە شارەکەدا قەدەغەیە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×