هەولێر..لە مانگی رابردودا زیاتر لە دو هەزارو 200 شوێن داخراون
  2020-07-01       374       

ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند: لەماوەی مانگی رابردودا لە سنوری پارێزگاكە دو هەزارو 260 شوێن داخراون ئەوەش بەهۆی پابەندنەبونیان بە رێنماییە تەندروستییەكان و رێكارەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا.

ئاوێنە: ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی: له‌ ژێر ڕۆشنایی بڕیاره‌كانی ژوری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لەچوارچێوەی بەدواداچون و پشکنین بۆ شوێنەکانیان لەلایەن لێژنەکانی چاودێری و تەندروستی، لەماوەی مانگی ڕابردو لە (2020.6.1) تاوەکو (2020.6.30) بەهۆی پابەندنەبون بە رێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا، لەسنوری هەر (10) قایمقامیەتەکەی پارێزگای هەولێر (2,260) شوێن داخران.

جەختیشی كردۆتەوە كە ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، لەڕێگەی لێژنەکانی چاودێری و تەندروستی بەردەوامە لە بەدواداچون و پشکنینی شوێنەکان و چاودێریکردنییان بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

داواشی لە هەمو لایەک كردوە پابەندی بڕیار و ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بن، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی تەندروستی شارەكەو سەلامەتی هاوڵاتییانی.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×