لە سبەینێوە زیندانیانى چاکسازى گەورانى سلێمانى بە ڤیدیۆ قسە لەگەڵ کەسوکاریان دەکەن
  2020-07-04       435       

بە بڕیارى وەزیرى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى حكومەتی هەرێم، لە سبەی یەكشەممەوە هەر زیندانییەکى چاکسازى گەورانی سلێمانی بۆ ماوەى 10 خولەک بە ڤیدۆ قسە لەگەڵ کەسوکاریان دەکەن، ئەوەش دواى توشبونى 27 زیندانى چاکسازییەکە بە ڤایرۆسى کۆرۆنا.

ئاوێنە: درەنگانێکى ئێوارەى ئەمڕۆ شەممە، کوێستان محەمەد، وەزیرى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بەمەبەستى ئاگاداربون لە رەوشى زیندانیان، سەردانى زیندانى چاکسازى گەورانى سلێمانى کرد و بڕیاریدا، لە سبەینێوە هەر زیندانییەکى چاکسازى گەوران بۆ ماوەى 10 خولەک، بە ڤیدیۆ (دەنگ و رەنگ) قسە لەگەڵ کەسوکاریان بکەن.

ئەو بڕیارە دواى ئەوە هات کە 27 زیندانى، چاکسازى گەورانى سلێمانى توشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بون.

لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا لە ناو زیندانى چاکسازى گەورانى سلێمانی، کوێستان محەمەد، رایگەیاند: دواى توشبونى 27 زیندانى چاکسازییەکە بڕیارماندا لە سبەینێوە بە ڤیدۆ، زیندانیان قسە لەگەڵ کەسوکاریان بکەن، سەرەتاش لەو کەسانەوە دەستپێدەکرێت کە هەڵگرى کۆرۆنان بۆ ئەوەى کەسوکاریان هەست بە دودڵى نەکەن، چونکە سەرجەم توشبوان دۆخیان جێگیرەو نیشانەکانى کۆرۆنایان لەسەر دەرنەکەوتوە.

وتیشى: دەمەوێت بە کەسوکاریان بڵێم هیچ دودڵ نەبن کە تەندروستى هەمو زیندانیان زۆر باشەو هەمو پێداویستییەکى خۆراکى و پزیشکیان بۆ ئامادەکراوە.

سەبارەت بە بڕیارى لێخۆشبون یان مۆڵەت پێدانى زیندانیان، وەزیرى کاروبارى کۆمەڵایەتى ئاشکرایکرد، رەزامەندى سەرۆکى حکومەتیان وەرگرتوە، بۆ ئەو زیندانیانەى مۆڵەت دەیانگرێتەوە، مۆڵەتى درێژخایەنیان پێبدەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×