ئاگر لە دامەزراوەیەكی پترۆكیمیایی ئێران كەوتەوە
  2020-07-12       453       

میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە كە ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە ئاگر لە دامەزراوەی پترۆكیمیایی "توندگویان" لە پارێزگای خوزستان كەوتۆتەوەو دامەزراوەكەش دەڵێت: ئاگرەكە كۆنترۆڵكراوە.

ئاوێنە: ئاژانسی فارس نیوز بڵاویكردۆتەوە كە سەعات 5ی ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، ئاگر لە یەكەیەكی دامەزراوەی پترۆكیمیایی "شەهید توندگویان" كەوتۆتەوە كە هۆكارەكەی نیشتنی مشتەقاتە قورسەكانی نەوت بوە.

میهرزاد غەیبی، سەرۆكی ئابوریی پترۆكیمیایی لە ناوچەكە، وتویەتی: هێشتا زانیارییەكی وردیان سەبارەت بە رێژەی زیانەكانی روداوەكە لەبەردەستدا نییە.

هۆبەی پەیوەندییە گشتییەكانی دامەزراوەكە رایگەیاندوە كە ئاگرەكە كۆنترۆڵكراوەو ئاماژەی بەوەشداوە كە بەهۆی گەرمی كەشوهەوای ناوچەكە لە هاویندا ئەگەری ئەو جۆرە روداوانە زۆرە. 

دامەزراوەی پترۆكیمیایی شەهید توندگویان دەكەوێتە باكوری رۆژئاوای كەنداو لە پارێزگای خوزستانی ئێران.

بەپێی ماڵپەڕی بی بی سی رودانی چەند تەقینەوەو ئاگركەوتنەوەیەك لە دامەزراوە سەربازی و پیشەسازییەكانی ئێران لەماوەی دو مانگی رابردودا، گومانی سەبارەت بە هۆكارەكانی ئەو روداوانە هێناوەتە ئاراوە، هەرچەندە هیچ بەڵگەیەك لەبەردەست نییە كە پەیوەندی ئەو روداوانەوە پێكەوە پشتڕاست بكاتەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×