پەنتاگۆن: توركیا هەزاران چەكداری رەوانەی لیبیا كردوە
  2020-07-18       626       

ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری وەزارەتی بەرگری ئەمریكا(پەنتاگۆن)ەوە بڵاویكردۆتەوە كە توركیا هەزاران چەكداری میلیشیای رەوانەی لیبیا كردوە.

ئاوێنە: ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردۆتەوە كە بەپێی راپۆرتێكی نوێی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا، توركیا لەماوەی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، سێ هەزارو 500 بۆ سێ هەزارو 800 چەكداری رەوانەی لیبیا كردوە.

راپۆرتە نوێیەكەی پەنتاگۆن سەبارەت بە زیادبونی بونی سەربازیی توركیا لە لیبیا لەكاتێكدایە كە شەڕی ناوخۆی لیبیا، توندییەكی زۆرتری بەخۆیەوە بینیەوە.

لە شەڕی لیبیادا توركیا پشتیوانی لە حكومەتی مەركەزی ئەو وڵاتە دەكات و لەلایەكی دیكەوە هەریەكە لە روسیا، میسر و ئیماراتی عەرەبی، پشتیوانی لە خەلیفە حەفتەر دەكەن.

راپۆرتەكە نوێیەكەی پەنتاگۆن نیگەرانی سەبارەت بە زیادبونی رۆڵ و هەژمونی روسیا لە لیبیا دەربڕدراوەو رایگەیاندوە: روسیا بە ناردنی سەدان چەكدار، پشتیوانی خەلیفە حەفتەر دەكا بۆ كۆنترۆڵكردنی تەرابلوسی پایتەخت.

عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆكی میسر بەم دواییانە هەڕەشەی ئەوەی كرد كە وڵاتەكەی لە پەیوەست بە ئاسایشی خۆی و ئاسایشی لیبیاوە دەستەوەستان نابێت.

بەشێك لە سەرۆك هۆزەكانی نیشتەجێی رۆژهەڵاتی لیبیا لە دیداریان لەگەڵ سەرۆكی میسر، داوای دەستوەردانی میسریان لە شەڕی ناوخۆی لیبیادا كردبو.

عەبدولفەتاح سیستی رایگەیاندوە ئەگەر هاوپەیمانەكانی توركیا بەردەوامبن لەسەر هێرشەكانیان بۆ سەر هێزەكانی حەفتەر لە بەرەی "جوفرە"، ئەوا پێدەچێت میسر راستەوخۆ دەستوەردان بكات.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، وتویەتی: ئەگەر میسر و ئیماراتی عەرەبی، لەوە زیاتر لە شەڕی ناوخۆی لیبیادا دەستوەردان بكەن، ئەوا وڵاتەكەی ئاستی بونی سەربازیی خۆی لە لیبیا زیاتر دەكات.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×