گەریلاکانی په‌كه‌كه‌ سەربازانی تورکیایان له‌ هەفتانین گەمارۆداوە
  2020-08-08       2257       
گەریلاکانی هەپەگە لە ناوچەی هەفتانین سەربازانی تورکیان گەمارۆ داوە و شەڕێکی قورس لەو ناوچەیەیە بەڕێوەدەچێت، سوپای تورکیاش بە فڕۆکەی جەنگی و هێلیکۆپتەر هەوڵی ڕزگارکردنی سەربازەکانی دەدات، بەڵام ژمارەیەک لە سەربازانی کوژراون.

ئاوێنه‌: بەپێی ئەو زانیاریانەی میدیاكانی په‌كه‌كە بڵاویانكردۆته‌وه‌، ئەمڕۆ گەریلاکانی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لە چوارچێوەی هەنگاوی ‘جەنگی هەفتانین’ـدا لە ناوچەی پیربولای هەفتانین، گروپێک لە سەربازانی سوپای داگیرکەری تورکیان گەمارۆ داوە و شەڕێکی قورس لەو ناوچەیە ڕوویداوە و تا ئێستا ژمارەیەک لە سەربازانی تورک کوژراون.

بەپێی هەمان سەرچاوە، سوپای داگیرکەری تورک بە هاوەن، تۆپ، هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی جەنگی ناوچەکە بۆردوومان و تۆپباران دەکات، ئەو شەڕە کە تا ئێستاش بەردەوامە، زانیارییەکی زیاتر دەستنەکەوتووە.

جێگای ئاماژەیە، سوپای  تورکیا، ڕۆژی ١٥ی حوزەیرانی ئەمساڵ، هێرشێکی نوێ بۆ سەر هەفتانیان لە ڕێگەی زەمین و ئاسمانەوە دەستپێکردووە، لە بەرامبەر ئەمەشدا گەریلاکانی هەپەگە، لە چوارچێوەی هەنگاوی ‘جەنگی هەفتانین’ـدا، بەرخۆدانێکی مێژووییان تۆمار کردووە کە لە کوردستان و جیهان دەنگی داوەتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×