بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ: مانگانە لە هەر دەوازەیەك 15 بۆ 20 ملیۆن دۆلار قاچاخچێتی دەكرێ
  2020-08-14       994       

شاخەوان بەكر، بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ، ئاشكرایكرد: مانگانە لەهەر دەروازەیەک ١٥ بۆ ٢٠ ملیۆن دۆلار قاچاخچیەتى دەکرێت. دەشڵێت: قاچاخچێتییەكی رێكخراو هەیەو كەسانی باڵادەستی لەپشتەو ناتوانرێت هیچ لێپرسینەوەیەكی یاساییان لەگەڵدا بكرێت و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانیش گیریان بەدەستیانەوە خواردوەو ناتوانن كۆنترۆڵی بكەن.

ئاوێنە: شاخەوان بەكر، بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ(كە سەر بە بزوتنەوەی گۆڕانە)، ئەمڕۆ هەینی، لە لێدوانێكدا بە میدیای حزبەكەی سەبارەت بەوەی ئایا هەمو ئەو كاڵایانەی دێنە ناو هەرێمی كوردستان گومرگ دەكرێن یاخود نا، راگەیاند"هەمو ئەو بابەتانەى بە شێوەیەى فەرمى هاوردەدەکرێن تۆماردەکرێن و کۆدیان بۆ دەکرێت و گومرگ دەکرێن، ئەمە بەپێى سیستەمى ئەلکترۆنى بەڕێوەدەچێت..کێشە گەورەکەى ئێمە مەسەلەى قاچاخچیەتیە کە لە هەمو دونیادا هەیە، بەڵام ئێمە کێشەیەکى ترمان هەیە، کە پێى دەوترێت قاچاخچیەتى رێکخراو، ئەمەش بەرپرسانى باڵاى ئەم وڵاتەى لە پشتەوەیە، نەک ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتى مەرزى باشماخ بەڵکو سەروى ئێمە وەزارەتى دارایى و ئەنجومەنى وەزیران و پەرلەمانیش گیریان بە دەستیانەوە خواردوەو ناتوانن کۆنترۆڵى بکەن، ئەمانە کەسانى باڵادەستى ئەم وڵاتەن ناتوانرێت هیچ لێپرسینەوەیەکى یاساییان لەگەڵدا بکرێت."

ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەو بارە قاچاخانە بە هەمان رێگەی بارە ئاساییەكان ناهێنرێنە نێو هەرێمی كوردستان و وتیشی"کە من پێتدەڵێم قاچاخچیەتى رێکخراو مەبەستەکەم ئەوەیە، کاتێک ئەوان بارەکان دەهێنن بە هیچ شێوەیەک داغڵى سیستەم نابن."

بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ هەروەها وتوشیەتی"دەروازەکان خەتى گومرگى و خەتى ئاساییان هەیە هى هاتوچۆ، ئەوانەى لە خەتى گومرگییەوە دێن هەمو رێکارێکیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر، بەڵام کێشەکە ئەوەیە هەمو بارەکان لە خەتى گومرگەوە نایەن، بەشێکیان لە رێگەى هێزى تایبەتى ئەمنییەوە دەهێنرێن بەبێ ئەوەى هیچ ئیجرائاتێکیان لەگەڵدا بکرێت، واتە نە گومرگ نە پشکنین."

سەبارەت بەوانەی لە پشت ئەو قاچاخچێتییە رێكخراوەوەن، هێمای بۆ ئەو كردوە"ئەم کارە کەسانى پلە باڵاى حزبەکانى لە پشتەوەیە، بە تەنیا لە مەرزى باشماخەوە نییە و لەسەرجەم مەرزەکان هەیە، دەتوانم بڵێم دیاردەیەکە پێشینەى هەیە."

دەربارەی ئەو شمەك و كاڵایانەی بە رێگەی قاچاخ دەهێنرێن، شاخەوان بەكر وتویەتی"هیچ کەس بۆى نییە بچێت سەیرى ئەو شتانە بکات کە بە قاچاخ دەهێنرێن، بەڵام بەپێى زانیارییەکانى ئێمە ئەو بابەتانەی دەهێنرێن ئەوانەن کە هێنانیان قەدەغەیە وەکو هێلکە، یان ئەوانەى گومرگیان زۆرە وەک جگەرە."

بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ ئاشكراشیكردوە"بە مەزەندەى ئێمە مانگانە لە هەر دەروازەیەک ١٥ بۆ ٢٠ ملیۆن دۆلار بە قاچاخچیەتى بە هەدەر دەڕوات."

شاخەوان بەكر، ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەمان وەك بزوتنەوەی گۆڕان كە هێزێكی مەدەنین هەمو رێگەچارە ئاشتیانەکان بەکاردەهێنن بۆ چاکسازى و راستکردنەوەى هەڵەو کەموکورتییەکان، چەندە لە توانایاندا بێت هەوڵدەدەین دزى و گەندەڵى نەکرێت و وتوشیەتی"لە بارەى حکومەتیشەوە بەداخەوە دەڵێم بەشێکى زۆر لە بەرپرسەکانى پارتى و یەکێتى خۆیان خاوەنداریەتى ئەو کۆمپانیایانە دەکەن کە قاچاخچیەتى دەکەن."

هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕو"ئێمە لەڕێى پەرلەمان و وەزارەتى دارایى و ئەنجومەنى وەزیرانەوە راپۆرتمان بەرزکردوەتەوە، تەنانەت لە گفتوگۆ حزبیەکاندا زۆر بە رونى باسى ئەم بابەتانە کراوە، بەڵام بە داخەوە تائێستا نەکراوە و هیچ دەستپیشخەرییەکیش نابینین، لە هەر دەروازەیەکدا ١٠ بۆ ١٥ کۆمپانیا هەن و زۆربەیان حزبین و لە ژێر ناوى جۆراوجۆردا پارە لە خەڵک وەردەگرن و ئەمانە قانونیان بۆ دەرکراوە و گرێبەستیان لەگەڵ حکومەت هەیە، مانگانە چەندین ملیۆن دۆلار دەچێت بۆ ئەم کۆمپانیایانە."

بەپێی قسەی شاخەوان بەكر، بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەكی تایبەت بە چاودێری گومرگی "باشە" بەڵام "رەنگە ئەمە هەمو دیاردەکان کۆتایى پێنەهێنێت."

هەروەها جەختیشی كردۆتەوە كە ئەو قاچاخچێتییەی دەكرێت "بەپشتیوانى هێزى ئەمنی دەکرێت، هێزى چەکدارى حزبەکانە و رەنگە هى حکومەتیش بێت."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لە كارەكانیاندا روبەڕوی فشار بونەتەوەو وتویەتی"توشى ئاستەنگ بوینەتەوە، هەندێک شت هەبوە دەستمان بەسەریاندا شکاوە دەستمان بەسەر باردا گرتوەو بارمان تەلەف کردوە، چەندین دۆسیەى قاچاخچیەتیمان هەیە کە گیراون و ئیجرائاتى قانونیان لەگەڵدا کراوە، بەڵام بەڕاستى دەستمان بەسەر هەمویدا ناشکێت، نەک ئێمە حکومەتى هەرێمیش دەستیان بەسەردا ناشکێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×