پارکی هەواری شار مەترسیی داخستنی لەسەرە
  2020-09-24       1347       
بەڕێوبەری پارکی هەواری شاری سلێمانی، داوایەکی ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کردووە، داوایان لێدەکات بەهانای پارکی هەواری شارەوە بچن و هۆشداریش دەدات کە ئەگەر حکومەت بودجەی بۆ تەرخان نەکات پارکەکە بەڕووی گەشتیاراندا دادەخرێت.

ئاوێنه‌: لە نوسراوێکدا کە دوێنێ چوارشەممە، 23ی ئەیلول، بەڕێوبەری پارکی هەواری شار ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری کردووە هاتووە، " لە ناوەڕاستی مانگی یەکی 2020ەوە بە نوسراومان (25/42) لە 2020/1/15، دەرخستەی تایبەت بە (بەڕێوەبردن، چاکسازیی و خزمەتکردنی پارکی هەواری شار) ئامادەیە و دراوە بە وەزارەتی شارەوانی، هاوکات لە 19/5/2020وە کۆمپانیای لاوێن کە ئەرکی خزمەتکردنی پارکەکەی لەئەستۆ بوو وازی لەکارەکەی هێناوە و لە بەرواری 2020/6/19 گرێبەستی تەواوبووە، کە کارێکی زۆری کشتوکاڵی وەک لابردنی پوش و پەڵاش و پاککردنەوەی گژوگیای لە ناو پارکەکە بەجێهێشت کە مەترسییەکی زۆری هەبوو لە گڕ گرتن و ئاگر کەوتنەوە".

بەپێی نوسراوەکە، جارێکی دیکە لە بەرواری 2020/9/1ی نوسراو ئاڕاستەی وەزارەت کراوە، بەمەبەستی دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ پارکەکە بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵام نەدراونەتەوە.

لە نوسراوەکەی بەڕێوبەری پارکی هەواری شاردا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەگەر وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەدەم داواکارییەکەیانەوە نەیەت و بودجەی تایبەتیان بۆ تەرخان نەکات ئەگەری داخستنی پارکەکە بە ڕووی گەشتیاران و هاوڵاتییاندا هەیە.

پارکی هەواری شار لە دوای تەواوبوونی یەك لەسەر چواری پرۆژەکە، لە بەرواری 22ی ئایاری 2016دا کرایەوە، پارکەکە دەكەوێتە باكووری ڕۆژئاوای شاری سلێمانی، لە سەرەتای کردنەوەی پارکەکە زیاتر لە 3000 جۆر نەمام و گوڵی تێدا چێنراوە.



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×