لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی رایگەیاند، یەكێتی داوا یەكلیستی سەرجەم لایەنە كوردییەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكات چ ئەوانەی لە دەسەڵاتن و چ ئەوانەی لە ئۆپۆزسیۆنن، بەتایبەت لە ناوچە دابڕێندراوەكان، چونكە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا، وەكو كورد كە یەك لیست نەبوین زەرەرمان كرد بەتایبەت لە كەركوك.
ئاوێنە: لەتیف نێروەیی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی"سەرۆكی یەكێتی داوایكردوە، كورد بەرەیەكی نیشتمانی پێكبهێنن و بە یەك لیستی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بكەن بەتایبەتی لە ناوچە دابڕێندراوەكان."
وتیشی، ئەمە پەیامێك نییە تەنیا بۆ هێزێكی دیاریكراو بێت، بەڵكو بۆ هەمو هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە، چ ئەوانەی لە دەسەڵاتدان چ ئەوانەی ئۆپۆزسیۆنن.
ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە چاوەڕوانی وەڵامی هێز و لایەنە سیاسییەكان دەكەین و ئومێدەوارین وەڵامەكان ئەرێنی بن و لە بەرژەوەندی گەلی كوردستاندا بن، چونكە ئەزمونی هەڵبژاردنی رابردوی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بەتایبەتی لە كەركوك، زەرەرمان كرد وەكو كورد.
وتیشی، بۆیە ئێمە دەمانەوێت ئەمجارە هەمو هێزو لایەنە سیاسییەكان بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردن بكەن، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت لە ناوچە دابڕێندراوەكان بتوانین دەنگەكانمان زیاتر بن و دەنگمان نەفەوتێت و كورسییەكانی ئێمە بە دەنگی كورد بۆ هێز و لایەنە سیاسییەكانی پێكهاتەكانی دیكە نەچن. جگەلەوەش لە بەغدا بە یەك تیمی دەتوانین باشتر بەرگری لە مافەكانی گەلی كوردستان بكەین.