برینداربوون و کوشتنی کۆڵبەرانی کورد لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە بەردەوامی هەیە و لەو چوارچێوەیەشدا، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی مەریوان لە کاتی کۆڵبەریدا کوژرا.
ئاوێنە: کۆڵبەرنیوز سەبارەت بە کوژرانی کۆڵبەرێکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەمجۆرە زانیارییان خستووەتەڕوو، ڕۆژی ڕابردوو کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی ئارمان عەلیزادەی تەمەن ٣١ ساڵی خەڵکی گوندی گۆگجە سەر بە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گوندی دووپلوورەی سەرشیوو لە سنووری شاری مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو هاوڵاتییە کوردە لە کاتی کۆڵبەریدا تەقەی لێکراوە و گیانی لەدەستداوە و باوكی دوو منداڵە.
جێگای ئاماژەیە، لە ساڵی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٥٢ کۆڵبەری کورد کوژراون و ١٣١ کۆڵبەری دیكەش بریندار بوون.