مەكتەبی سیاسی حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، ئیدانەی سیاسەتی شۆڤێنیانەی بەشێك لە بەرپرسانی عێراق دەكەن كە موچە وەك چەكێك دژی گەلی كورد بەكاردەهێنن و دەشڵێت، سەرزەنشتی بێدەنگی و هەڵوێستی هێزە کوردستانییەکان دەكەن لەبەرامبەر فشارەکانی بەغدا، لەکاتێکدا كە خۆپیشاندان ڕێکدەخرێت بۆ پشتیوانی لە وڵات و گەلی تر.
ئاوێنە: ئەمڕۆ یەکشەممە، لە شاری سلێمانی، بەسەرپەرشتی محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، مەكتەبی سیاسی حزبەكە کۆبونەوەی ئاسایی خۆی كردوە.
بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوە، لە بەشێكی كۆبونەوەكەدا باس لە "سەختی ژیان و گوزەرانی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و فەرمانبەران بەتایبەتی کرا و ئیدانەی سیاسەتی شکستخواردو و شۆڤێنیانەی بەشێک لە بەرپرسانی عێراق کرا بەرامبەر مافە یاسایی و دەستورییەکانی میللەتەکەمان و بەکارهێنانی موچە وەک چەکێک بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی گەلە ستەمدیدەکەمان، کۆبونەوە، سەرزەنشتی بێدەنگی و هەڵوێستی هێزە کوردستانییەکانی کرد لەبەرامبەر فشارەکانی بەغدا، ئەوە لەکاتێکدایە خۆپیشاندان ڕێکدەخرێت بۆ پشتیوانی لە وڵات و گەلی تر."
مەكتەبی سیاسی حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم پەرۆشی حزبەكەیان بۆ خێراکردنی هەنگاوەکان دوپاتکردۆتەوە "لەپێناو چارەسەری کێشە و گرفتی هاوڵاتیان و یەکلا کردنەوەی پرسە گرنگ و چارەنوسساز و هەڵپەسێراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا."
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كراوەو بەپێی راگەیەندراوەكە "کۆبونەوە، دەرگای گفتوگۆ و دیالۆگی لەگەڵ هێزە دیموکراتخواز و پابەند بە بەها باڵا نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنەکان بەکراوەیی هێشتەوە، ئەوەش لەپێناو چاکەی گشتی و چەسپاندنی مافەکانی گەلەکەمان و پاراستنی دەسکەوت و قەوارە سیاسییەکەمان."