لیژنەی باڵای فەتوا لە هەرێمی كوردستان، فەتوایەكی تایبەتی بۆ سواڵكردن دەركرد و دەڵێت، كاری سواڵكردن لە شەرعدا حەرامە و نادروستە؛ مەگەر بۆ كەسێك كە بە تەواوی پێویست بێت.
ئاوێنە: ئەمڕۆ یەكشەممە، ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، كۆمەڵێك لە مامۆستایانی ئاینی و هاووڵاتییان داوای حوكمی شەرعییان كرد لەبارەی دیاردەی ناشیرینی سواڵ و (دەرۆزە)كردنی كەسانێك لە ناو كوچە و كۆڵان و ترافیك و جێگە گشتییەكاندا، كە ئایا دروستە هاوكاریكردنیان یان نا؟
ئەنجوومەنی باڵای فەتوا پاش تاوتوێكردنی بابەتەكە و گەڕانەوە بۆ سەرچاوەكانی فیقهی ئیسلامی، ئەم فەتوایەی لای خوارەوەی ڕاگەیاند:
1-كاری سواڵكردن لە شەرعدا حەرامە و نادروستە؛ مەگەر بۆ كەسێك كە بە تەواوی پێویست بێت و هیچ سەرچاوەیەكی داهاتی نەبێت، راستییەكەی هەژار و نەدار بێت.
2- هاوكاریكردنی ئەو جۆرە سواڵكەرانە بەپارەی زەكات، یان بە پارەی خێر لە غەیری زەكات نادروستە، چونكە نازانرێت بە دڵنیایی كە ئایا (مستحق)ن یان نا، بە تایبەت منداڵان بەهیچ شێوەیەك نابێت هاوكاری بكرێن، بەڵكو پێویستە ئامۆژگاری بكرێن، چونكە هاوكاریكردنیان دەبێتە مایەی هاندانیان لەسەر ئەو كارە بەدە.
بۆیە داواكارین لە مسوڵمانان كە زەكات و خێری خۆیان بدەن بە چینی هەژار، هاوكارییەكانیشیان بدەن بە كەسانێكی شایستەی ڕەوشتبەرز كە شەرم دەكەن سواڵ بكەن.
لە كۆتایی فەتواكەدا هاتووە، داواكارین حكوومەت و دەزگا پێوەندیدارەكان ڕێكاری پێویست بگرنەبەر بۆ بنبڕكردنی ئەم دیاردە ناشەرعی و ناشیرینە كە نامۆیە بەشكۆ و ڕەوشتی بەرزی كوردەواری.