دوێنێ هەینی لە سنوری قەزای حاجیاوا مێردمنداڵێك خنكا، پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، لەسەر روداوەكە كەسێكیان دەستگیركردوە.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێكدا وتی، رۆژی هەینی سەعات 4:30 خولەك لە نزیك گوندی ئەستریلان لە قەزای حاجیاوا دوای ئەوەی دو مێرمنداڵ لە گۆماوێکی پاشماوەی کارگەی چەو و لمدا مەلە دەکەن، لە کاتی مەلەکردنەکەدا مێرمنداڵێک لە ڕەگەزی نێر، تەمەن 12 ساڵ لە گۆمە ئاوەکەدا دەخنکێت.
ئەوەشی خستۆتەڕو، لەدوای گرتنەبەری ڕێکارەکان و دەستکردن بە لێکۆڵینەوە و بە سودوەرگرتن لە کامێرای چاودێری کارگەکە دەرکەوت کەسێک کە شۆفێری ئامێری شۆڤڵی کارگەکەیە و کرێکاری کارگەکەیە لەوکاتەی منداڵەکان مەلە دەکەن لەناو گۆمە ئاوەکەدا بە کەوچکی ئامێری شۆڤڵەکە هەوڵی ترساندنی منداڵکەکان دەدات و ئاوەکە بەرەو ڕوی منداڵەکان دەبات، بەو هۆیەوە یەکێک لە منداڵەکان بەهۆی شەپۆلی گۆمە ئاوەکە ژێر ئاو دەکەوێت و دەخنکێت و منداڵەکەی تر ڕزگاری دەبێت.
پۆلیس وتوشیەتی، لەسەر ئەم ڕوداوە مەفرەزەکانمان لە بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی ڕانیە بە هاوبەشی بنکەی پۆلیسی حاجیاوا شۆفێری ئامێری شۆڤڵەکەیان دەستگیرکرد.
بەپێی راگەیەندراوەكە، لەدوای لێکۆڵینەوە لەگەڵ شۆفێرەكەدا، دانینا بە تاوانەکەیداو بە وتەی خۆی دەڵێت، بۆئەوەی چیتر ئەو دو مێردمنداڵە مەلە لە ئاوەکەدا نەکەن ویستویەتی بە کەوچکی شۆڤڵەکە بیانترسێنێت و بەو هۆیەوە ئەو ڕوداوەی لێکەوتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی حاجیاوا شۆفێری ئامێری شۆڤڵەکە بەپێی مادەی 405 لە یاسای سزادانی عێڕاقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بەردەوامە.