تیمی پارتی بۆ تیمی یەكێتی: خاكفرۆشتنی 16ی ئۆكتۆبەر زۆر جیاوازە لە 31ی ئابی پیرۆز
  2020-10-17       838       

تیمی پارتی لە حكومەت وەڵامی تیمی یەكێتی سەبارەت بە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر دەداتەوەو دەڵێت: "روداوی خاکفرۆشتن و لە دەستدانی نیوەی خاکی کوردستان لە 16 ئۆکتۆبەر، زۆر جیاوازە لە 31 ی ئابی پیرۆز."

ئاوێنە: دوای ئەوەی شەوی رابردو له‌ئاماژه‌یه‌كدا بۆ په‌یامه‌كه‌ی‌ مه‌سرور بارزانی‌ له‌ساڵیادی‌ ڕوداوه‌كانی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ردا، ‎تیمی یەکێتی له‌حكومه‌ت رایگەیاندبو "بڕوامانوایە کە ئەرکی حکومەتی ھەرێم خزمەتکردنی ھەمەلایەنەی ھاوڵاتیانە‌ نەک تێوەگلانی بەکێشە سیاسیەکان"، تیمی پارتی وەڵامی ئەو قسانەی تیمی یەكێتی دایەوە.

تیمی پارتی لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"بێگومان دەبێ ئەو ڕاستییە بزانن، کە روداوی خاکفرۆشتن و لە دەستدانی نیوەی خاکی کوردستان لە 16 ئۆکتۆبەر، زۆر جیاوازە لە 31 ی ئابی پیرۆز، کە بڕیاریو ئەوکاتیش هەولێر و کوردستان بە دەردی ئێستای کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی تر ببەن. مێژو شاهیدە، کە مێژوی خاکفرۆشان و بێگانەپەرستی لە کەیەوە و لای کێ دەستی پێکردوە."

تیمی پارتی بە تیمی یەكێتیشی وتوە "ئێوە ناتوانن خۆتان لە ژێر هەژمونی تاقمێکی خۆسەپێنەرو شەڕخواز، ڕزگار بکەن، کە دژی تەبایی و یەکڕیزی و ئامانجە باڵاکانی نیشتیمانە."
جەختیشی كردۆتەوە كە "ناوی کەسیش لە پەیامی سەرۆکی حکومەت نەهاتوە دەربارەی خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەر، بەڵام وەڵامدانەوەی تیمی وەزاری یەکێتی، ساخکردنەوەی ئەو خیانەتەیە بە سەر ئەو تاقمەوە."

دەقی راگەیەندراوەكەی تیمی پارتی...

باشتر بو بۆ تیمی وەزاری یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، بەشێوەیەکی بابەتیانەو واقیعبینانە تەماشای گرژییەکانیان بکردبوایە. کەچی لە یادی ڕیفراندۆمی گەلەکەماندا کە هەمو هێزە سیاسییەکان و پەرلەمانی کوردستان بڕیاری لێی دابو، 93%ی خەڵکی کوردستانیش بە بەڵێ دەنگی بۆ دا، ئامۆژگاری ئەو تاقمەیان بکردایە کە ڕەنج و ماندوبون و خەونی میللەتەکەمانیان بە فیڕۆدا، کەچی لە ڕۆژی ڕیفراندۆمدا، دەستیان بە هێرش کرد .

باشتر بو ئەو کەسانەی لە جیاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بێ ئەوەی هیچ حیسابێک بۆ خودی تیمی یەکێتی لەناو حکومەت بکەن و بڕیار لە جیاتی حکومەت بدەن، لە بری ئەو بێدەنگییە دەبوا تیمی وەزاری یەکێتی ئامۆژگاریان بکەن کە واز لە دەستتێوەردان لە کاروباری حکومەت بهێنن، لە هەمانکاتدا دەبوا تیمی یەکێتی لە حکومەت ئامۆژگاری ئەو کەسانەیان بکردبا، کە ڕۆژانە لە میدیاکانەوە هێرشی ناڕەوا بۆ سەر سەرۆکی ئەو ئەنجومەنی وەزیرانە دەکەن، کە خۆیان تیایدا ئەندامن !

ئەگەر دەتانەوێت لە ژێر فشاری ئەو کەسانەدا هەمو ڕوداوەکان وەک یەک سەیر بکەن، بێگومان دەبێ ئەو ڕاستییە بزانن، کە ڕوداوی خاکفرۆشتن و لە دەستدانی نیوەی خاکی کوردستان لە 16 ئۆکتۆبەر، زۆر جیاوازە لە 31 ی ئابی پیرۆز، کە بڕیاریو ئەوکاتیش هەولێر و کوردستان بە دەردی ئێستای کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی تر ببەن.

مێژو شاهیدە، کە مێژوی خاکفرۆشان و بێگانەپەرستی لە کەیەوە و لای کێ دەستی پێکردوە !.

ئێمە هەمو هەوڵێکمان داوە بابەتییانە باسی روداوەکان، وەک خۆیان بکەین و هەمو کەس تێکەڵ نەکەین، بەڵام بەپێچەوانەوە، ئێوە نەک تەنیا دەتانەوێ ڕاستيیەکان پەردەپۆش بکەن، بگرە هیچ هەڵوێستێکیشتان بەرامبەر بەو هێرشە ناڕەوایانە نەبوە، کە بەرامبەر بە موقەدەسات و پیرۆزیی نەتەوەبیمان دەکرێت و ناتوانن خۆتان لە ژێر هەژمونی تاقمێکی خۆسەپێنەرو شەڕخواز، ڕزگار بکەن، کە دژی تەبایی و یەکڕیزی و ئامانجە باڵاکانی نیشتیمانە .

ناوی کەسیش لە پەیامی سەرۆکی حکومەت نەهاتوە دەربارەی خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەر، بەڵام وەڵامدانەوەی تیمی وەزاری یەکێتی، ساخکردنەوەی ئەو خیانەتەیە بە سەر ئەو تاقمەوە.

تیمی وەزاریی پارتی دیموکراتی کوردستان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×