"ئەمساڵ ١٤ هەزار و ٥٠٠ گەنج لە هەرێمی کوردستان کۆچیان کردووە"
  2020-10-21       715       

سەرۆکی لیژنەی په‌یوه‌ندییه‌كان و ره‌وه‌ندى كوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان ئاشكرایكرد، ئەمساڵ نزیكەی 14 هەزارو 500 گەنج هەرێمی كوردستانیان جێهێشتوەو بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسەش داوای دانیشتنی پەرلەمانیان كردوە بە ئامادەبونی وەزیرە تایبەتمەندەكان.

ئاوێنە: رێبوار بابكەیی، سەرۆکی لیژنەی په‌یوه‌ندییه‌كان و ره‌وه‌ندى كوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان بە ئاژانسی ئەنادۆڵۆی رایگەیاند"شەپۆلی کۆچی گەنجان جارێکی دیکە هێدی هێدی دەستی پێکردوەتەوە و کێرڤی سەرهەڵگرتنی گەنجانی ئێمە روەو وڵاتانی رۆژئاوا بەرزبوەتەوە." 

ئاماژەی بەوەشداوە كە بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسە داوامان کردوە کە دانیشتنێکی پەرلەمان سازبکرێت بەئامادەبونی وەزیرە تایبەتمەندەکان، وەزیری رۆشنبیری و وەرزش و لاوان، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزیری پلاندانان.

رێبوار بابکەیی دەربارەی ئەو ئامارانەی لەبەردەستییانن رایگەیاند "ئەوەی ئێستا لەبەردەستمانە ئەمساڵ نزیکەی ١٤ هەزار و ٥٠٠ گەنج سەریان هەڵگرتوەو روەو رۆژئاوا کۆچیان کردوە و ٢٧ کەسیش بێ سەروشوێنن، جگە لەوە هەندێک ئاماری دیکەشمان لەبەردەستە کە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پێیان داوین لە شەش ساڵی رابردودا، نزیکەی ٤٥٠ هەزار کەس، عێراق و هەرێمی کوردستانیان بەجێهێشتوە."

سەرۆکی لیژنەی په‌یوه‌ندییه‌كان و ره‌وه‌ندى كوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان دەربارەی هۆکارەکانی کۆچی گەنجان وتی"سەرەکیترین هۆکارەکان، لایەنی ئابوری، دۆخی سیاسیی، ناتەبایی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەکان، نادادپەروەری و گەندەڵی گەنجی ئێمەی توشی نامۆبون و بێ ئومێدی کردوەو هەستی نەتەوەخوازی و نیشتمانخوازی لاواز کردوە، بۆیە رو لە دەرەوە دەکات و هەست دەکات کە لێرە بونی نەماوە و لە جوگرافیایەکی دیکە دەیەوێت خۆی بدۆزێتەوە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×