عەلی حەمەساڵح بۆ مەرزی باشماخ: ئەوەی دەبێت بدرێتە دادگا ئێوەن
  2020-10-21       816       

عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لەوەڵامی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخدا كە هەڕەشەی تۆماركردنی سكاڵایان لەسەر كردبو، دەڵێت: ئەوەی دەبێت بدرێتە دادگا ئێوەن كە بازاڕتان پڕکردوە لە کاڵای قاچاخ.

ئاوێنە: پێشتر عەلی حەمەساڵح رایگەیاندبو كە، بەرپرسی كۆمەڵگای باشماخ بە ئەنجومەنی بارهەڵگرانی مەرزەكەی وتوە، ئەوانەی بەڕەسمی كاڵا دێنن و پشكنینیان بۆ دەكرێت، نابێت داخڵ بكرێن بەواتای ئەوەی ئەمڕۆ باری قاچاخ داخڵ دەكرێت و باری رەسمی رادەگیرێت.

دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ لەبەرامبەر ئەو قسەیەی پەرلەمانتارەكەی گۆرانداو لە راگەیەندراوێكدا وتبوی: سكاڵای یاسایی لەسەر ئەو عەلی حەمەساڵح تۆماردەكەن لەسەر "ئەو بوختانە شاخدارە"ی بۆ سەرپەرشتیاری دەروازەكەیانی كردوە.

كەمێك لەمەوبەریش عەلی حەمەساڵح وەڵامی ئەو راگەیەندراوەی دەروازەكەی داوەتەوەو لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، ھەڕەشەی ئەوە دەکەن من دەدەنە دادگا، چونکە باسی قاچخیم کردوە، لە ڕابردودا چەندین ڕێگا تاقیکراوەتەوە بۆ ئەوەی من کۆڵبدەم لە دۆسیەی خاڵە سنورییەکان، بەڵام ئیمان و ئەخلاقی سیاسیم ڕێگام پێنادات لەبەر ھیچ ھۆکارێک چاوپۆشی لە تاڵانی خاڵە سنورییەکان بکەم."

عەلی حەمەساڵح لەوەڵامەكەیدا بۆ دەروازە سنورییەی هەرێمی كوردستان جەختی كردۆتەوە"ئەوەی دەبێت بدرێتە دادگا ئێوەن، ئەوە ئێوەن بون بە پاسەوانی قاچاخچیەکان و بازاڕتان پڕکردوە لە کاڵای قاچاخ لە ھێلکەو دوگ و میوەو فەرش و ئۆتۆمبێلی مۆدێل کۆن...ھتد."

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان دوپاتی قسەكانی پێشوی كردۆتەوەو وتویەتی"بەڵێ ئەمڕۆ ھیچ بارێکی ڕەسمی داخڵنەکراوە بە گومرگ، بەڵام دەیان باری تەنسیق(قاچاخ)تان داخڵکردوە."
ئاماژەی بەوەشداوە كە پاش راگەیەندراوەكەی پێشوی، دەروازەكە پەیوەندیان کردوە بە ئەنجومەنی بارهەڵگرەكانەوە كە پێویست ناکات ئەم بابەتە گەورە ببێت و زانیاری بدەنە عەلی، سبەی ڕێگا بۆ بارھەڵگری ڕەسمی دەکرێتەوە.

عەلی حەمەساڵح وتوشیەتی"من بێمنەتانە دەچمە بەردەم دادگاو بەبەڵگەوە دەیسەلمێنم ئێوە خەریکی قاچاخچین بۆ بەرپرسان، ناوی ھەمو ئەو کۆمپانیاو شەخسانەش دەدەم کە ئێوە ڕێگای قاچاخیان بۆ دەکەنەوە."

هەروەها وتویەتی"ھیوادارم ھاوسەرۆکانی یەکێتی و جێگری سەرۆکی حکومەت بە ئەرکی سەرشانی خۆیان ھەڵبستن و ڕێگا لەم قاچاخیە ڕێکخراوە بگرن، ھەمو کەس دەزانێت قاچاخچیەکان کێن و بەناوی کێیەوە دەیکەن و ھێزە ئەمنیەکانیش کە ھاوکارو ئاسانکارن لە ژێر دەسەڵاتی کێدان."

لەكۆتاییشدا ئەوەی دوپاتیكردۆتەوە كە "قاچاخی و کۆمپانیاکاری و گەندەڵی سەرجەم خاڵە سنورییەکان بەھاکەی ١٧٠ ملیۆن دۆلارەو ھۆکاری سەرەکی گرفتی موچەیە، ئەم داھاتە بگەڕێتەوە خەزێنەی دەوڵەت لێبڕین نامێنێت."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×