2020-12-01   566     
لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە و بڕیاری نوێ لەبارەی پرۆسەی خوێندن دەردەکات.
ئاوێنە: سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان راگەیاند "ئەمڕۆ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە سەرپەرشتیی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ لە شاری هەولێر کۆدەبێتەوە و هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی تەندروستی و رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەین".
وەزیری تەندروستی وتیشی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بڕیاری نوێ لەبارەی پرۆسەی خوێندن و دەوامی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان دەردەکرێت.
پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەی ئاوێتەیە، واتا بەشێکی قوتابییان دەوام دەکەن، بەشێکیش بە ئۆنلاین وانەکان دەخوێنن.
لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان لە راپۆرتێکدا کە ئاراستەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنای کردووە، داوای کردووە دەرگای قوتابخانەکان تاوەکو سەرەتای ساڵی داهاتوو بە داخراوی بمێننەوە.