پۆلیسی هەولێر وردەکاری شەڕەتەقەکەى دوێنێ شەو بڵاودەکاتەوە
  2020-12-02       1478       

پۆلیسی هەولێر ئاشکرای کرد، لەو ڕووداوەى شەوی ڕابردوو ڕوویدا لە نزیک شەقامی 60 مەتری هەولێر کەسێک کوژراوە و دوو کەسی تریش بریندار بوون.  

ئاوێنه‌: هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا  (2ی تشرینی دووەمی 2020) دەڵێت، ڕووداوەکە لە بەردەم گازینۆیەکدا ڕووی داوە، دوو ئۆتۆمبێل بووەتە دەمەقاڵێیان و دواتر شەریان کردووە، بەهۆی ئەوەى هەردوولا چەکیان پێ بووە، بووەتە شەڕە تەقە و پاشان کەسێک بەناوی شەعبان غازی کوژراوە و برایەکی شەعبان بەناوی یاسر و کەسێکی تریش بریندارە کە لەلایەن شەعبانەوە تەقەی لێکراوە، لەئێستادا دوو بریندارەکە و کەسێکی تر دەستگیرکراون و لەژێر لێکۆڵینەوەدان، واتە سێ کەس لە چنگی پۆلیسدان.  

یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان لە جۆری بی ئێم دەبلیوە و ئەوی تریان توێتا کامری بووە، بەپێی وێنەکان، بی ئێم دەبلیوەکە کە شۆفێرەکەى بەناوی شەعبان کوژراوە نزیکەى 20 فیشەکی پێوەیە.  

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئەو زانیارییانەى ڕەتکردەوە کە گوایە ئەو دوو ئۆتۆمبێلە بە شەڕە تەقەوە هاتوونەتە ئەو شوێنە و پاشان لەوێ شەڕەکە کۆتایی هاتبێت و دەڵێت، هەر لەوێدا دەمەقاڵێ و شەڕ دەستی پێکردووە و کۆتاییش هاتووە.  

جەختی کردەوە کە بە ماوەیەکی زۆر کەم هێزەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و دەستیان بە لێکۆلینەوە کردووە و سێ کەس لەژێر لێکۆڵینەوەدان.  

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×