ئەنجومەنی وەزیران: لە ئایندەیەكی نزیكدا وەفدی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات
  2020-12-02       299       

ئەنجومەنی وەزیران لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا لە ئایندەیەكی نزیكدا وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات بە مەبەستی داکۆکیکردن لە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوەو حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە راگەیەندراوێكدا ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی خستەڕو.

بەپێی راگەیەندراوەكە، لە دەستپێکی کۆبونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەمو لایەک زیاتر پەرۆش و خەمخۆری ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانەو هەمو هەوڵ و توانای خۆشی بۆ دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خستوەتەگەڕ.

وتیشی: شایستە داراییەکانی هەرێم، مافێکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە و هەرگیز سازشی لە سەر ناکەین و بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە پێناو دابینکردنی مافە دەستورییەکانی هەرێم.

رونیشیکردەوە کە ”لەم ڕۆژانەشدا بەردەوام لە سەر هێڵ بوین لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا کازمی و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کە بەلێنیانداوە بابەتی ناردنی موچە لە چەند رۆژی داهاتودا چارەسەر بکەن. بەڵام ئەگەر لە بەر هەر هۆیەک، لە کاتی خۆیدا بەشە موچەی هەرێم لە بەغداوە نەگەیشت، ئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچارە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە پەنا بۆ قەرز ببات و قەرز بکات تا بڕە موچەی تەرخانکراو لە بەغدا دەگات و دواتر پارەکەی بەغدا، لە بری قەرزەکە دەدرێتەوە“.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بڕیاریدا ڕۆژی پێنجشەممە 2020/12/3 بەو داهاتەی کە لە بەر دەستی وەزارەتی داراییە، بە تەمویلکردنی بە ڕێژەی 79% دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی ئۆکتۆبەر بکرێت.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، هەروەها ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی بەغدا بکات بە مەبەستی داکۆکیکردن لە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

لە بڕگەی دوەمی کۆبونەوەکەدا، پڕۆژەی پێداچونەوەو ڕێکخستنەوەی ئەو رسوماتەی لە بەرامبەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری وەردەگیرێن، لە لایەن جێگری سەرۆک وەزیرانەوە خرایەڕو و داوایکرد پەلە بکرێت لە ناردنی زانیاری تایبەت بە خەرجی و داهاتی وەزارەتەکان بۆ لیژنەی باڵا، بە مەبەستی ڕێکخستنەوەیان.

لە بڕگەی کۆتایی کۆبونەکەدا، پڕۆژە بڕیاری تایبەت بە (دەرماڵەی لە بری کەمئەندامی) لە لایەن کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی خرایەڕو. ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پڕۆژەکەی پەسەند کرد.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×