وتەبێژی حكومەتی هەرێم: بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی موچە 205 ملیۆن دۆلار قەرزدەكەین
  2020-12-02       326       

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەو داهاتەی لەبەردەست حكومەتە بەشی هەمو موچە ناكات بۆیە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی موچە 205 ملیۆن دۆلار قەرزدەكەن. وتیشی: مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە كێشەی ناردنی 320 ملیار دینارەكەی هەرێم چارەسەر بكات.

ئاوێنە: د. جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"لەم چەند رۆژەی رابردودا بەبەردەوام سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر هێڵ بوە بۆ ناردنی 320 ملیار دینارەكەی هەرێم. بەڵێنییان داوە كە ئەو گرفتە چارەسەر بكەن."

سەبارەت بە دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە بڕیارە سبەی پێنجشەممە، بە لێبڕینی لەسەدا 21ەوە دەست بە دابەشكردنی بكرێت، جوتیار عادل وتی"داهاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشی هەمو موچەی فەرمانبەران ناكات، بۆیە كورتهێنان هەیە لە دابینكردنی ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ موچە تەرخان كراوە كە 755 ملیۆن دۆلارە."

ئەوەشی خستەڕو"حكومەتی هەرێمی كوردستان ئێستا 355 ملیۆن دۆلار كورتهێنانی هەیەو تەنها 400 ملیۆن دۆلاری وەك داهات لەبەردەستە، بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانە نزیكەی 205 ملیۆن دۆلار قەرزدەكات و دوای گەیشتنی ئەو بڕە پارەیەی كە حكومەتی عێراق دەینێرێت ئەو پارەیەی عێراق دەدرێتەوە بە قەرزەكەدا."

 ئاماژەی بەوەشدا كە "ئەو پارەیەی عێراق دەینێرێت بەدۆلار 265 ملیۆن دۆلارە كە 205 ملیۆنی بۆ قەرزدەگەڕێنرێتەوەو تەنها 60 ملیۆن دۆلاری دەمێنێتەوەو بۆ موچەی مانگی داهاتو تەرخان دەكرێت." 

هەروەها سەبارەت بە گرێبەستی 50 ساڵە لەگەڵ تورکیا، جوتیار عادل وتی: بەهیچ شێوەیەک نەوتی هەرێمی کوردستان بەپێی گرێبەستی 50 ساڵە، پێشەکی نافرۆشرێت. تەنها ئەو گرێبەستە بۆبەکارهێنانی خاک و ئەو بۆرییەیە کە لەنێو خاکی تورکیایە بۆ ناردنی نەوتی هەرێمی کوردستان. کابینەی هەشتەم بەهەمو توانای خۆیەوە ئەو گرێبەستەی ئیمزاکرد، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان لەدۆخێکی زۆر خراپدا بو.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×