2020-12-04   1421     
مامۆستا عادل حه‌سه‌ن
یه‌كێك له‌مامۆستا ده‌ستگیركراوه‌كانی خۆپیشاندانه‌كانی دوێنێی شاری سلێمانی ده‌ڵێت، له‌كاتی ده‌ستگیركردنیاندا چه‌ند جارێك وته‌یان لێوه‌رگیراوه. جه‌ختله‌وه‌ش ده‌كاته‌وه كه خه‌باتی مامۆستایان خه‌باتێكی مه‌ده‌نییه بۆ داواكردنی قوت‌و موچه‌و بژێوی خه‌ڵك‌و موچه‌خۆران‌و كاسبكاران.
ئاوێنه: دوێنێ پێنجشه‌ممه، هەر لەبەیانییەوە تا پاشنیوەڕۆ، به‌رده‌ركی سەرا‌و ناو بازاڕی سلێمانی دۆخێكی نائارامی بەخۆیەوە بینی، كاتێك ژمارەیەك لەمامۆستایانی ناڕازیی‌و چین‌و توێژە جیاوازەکان ویستیان لەسەرا درێژە بەخۆپیشاندان بدەن بۆ داواکردنی مافەکانی خۆیان، هەر لەگەڵ گەیشتنیان بەو شوێنە هێزێكی گەورەی ئەمنی چواردەوری گرتن‌و ژمارەیەك لەرێكخەرانی خۆپیشاندانەكەو هاوڵاتیانیان دەستگیر كرد‌و بر‌دیانن بۆ گرتوخانەی "كانی گۆمە".
مامۆستا عادل حه‌سه‌ن، یه‌كێك له‌مامۆستا ده‌ستگیركراوه‌كان كه ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی مامۆستایانی ناڕازییه باس له‌سایتی ده‌ستگیركردنیان ده‌كات‌و ده‌ڵێت، "ئێمه پێنج كه‌س بوین، پێش ده‌ستپێكردنی خۆپیشاندان له‌به‌رده‌م مزگه‌وتی گه‌وره‌ی سلێمانی له‌لایه‌ن هێزه‌ئه‌منییه‌كانه‌وه ده‌ستگیركراین‌و براین بۆ باره‌گایه‌كی هێزه‌ئه‌منییه‌كان له‌ناوچه‌ی كانی گۆمه".
وتیشی، "پێش ئێمه دو كه‌س‌و -مامۆستایه‌ك‌و هاوڵاتییه‌ك- دوای ئێمه‌ش نزیكه‌ی 40 كه‌س ده‌ستگیركران، شه‌وه‌كه‌ی 20 كه‌سێك ئازادكران‌و ئه‌مرۆش ژماره‌یه‌كی دیكه‌ی مامۆستایان ئازادكران".
ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ی ده‌ستگیركرابون مامۆستا بون، هه‌ندێكیان له‌ناوخۆپیشاندانه‌كاندا ده‌ستگیركرابون‌و به‌شێكی دیكه‌یان پێش خۆپیشاندانه‌كان ده‌ستگیركرابون.
مامۆستا عادل حه‌سه‌ن ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو كه له‌كاتی ده‌ستگیركردنیاندا "چه‌ند جارێك وته-ئیفاده‌مان لێوه‌رگیرا، ئێمه‌ش وتمان، خه‌باتی مامۆستایان خه‌باتێكی مه‌ده‌نییه بۆ داواكردنی قوت‌و موچه‌و بژێوی خه‌ڵك‌و موچه‌خۆران‌و كاسبكارانه، مامۆستایان شه‌ش ساڵه له‌سه‌ر شه‌قامن‌و زیانیان بۆ هیچ شتێك نه‌بووه".
جه‌ختله‌وه‌ش ده‌كاته‌وه كه ناتوانرێت به‌سیاسه‌تی سه‌ركوتكردن‌و ده‌ستگیركردن ده‌نگی هاوڵاتیان كپبكرێت، چونكه ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بیه‌وێ له‌ڕێگه‌ی ده‌ستگیركردنی مامۆستایان‌و هاوڵاتیانه‌وه ئه‌و ده‌نگه ناڕازییانه كپ بكات، ئه‌وا رۆژگارێك دێت سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم هه‌مو كۆمه‌ڵگه باجه‌كه‌ی ده‌دات.