هۆشیار عەبدوڵا: شیعەکان لەبارەی بەشە بودجەی هەرێم دو پەیامیان پێگەیاندوین
  2021-01-14       1322       
كۆبونەوەیەكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە پڕۆژە یاسای بودجە

ئەندامێکی كورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەبەوە دەکات كە کوتلە شیعیەکان بەڕەسمی دو پەیامیان پێگەیاندون، بۆ چۆنیەتی تێپەڕاندنی بەشە بودجەی هەرێم كە یەكێكیان جێگركردنی ئەو دەقەیە كە پێشتر لە یاسای قەرزدا هاتبو.

ئاوێنە: هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە بەشی كوردی دەنگی ئەمریكای راگەیاند كە سەبارەت بە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی 2021ی عێراقدا داوایانکردوە داتاکی وەزارەتی پلان دانان جێگیربکرێت، کە ڕێژەی هەرێم دەکاتە نزیکەی 14%.

وتوشیەتی"بەگوێرەی دەسەڵاتی پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بودجە، ئێمە تەنها توانای دابەزین و گواستنەوەمان هەیە، ئەم پشکە، پێویستبو وەزیرە کوردەکان لە ئەنجومەنی وەزیران پێش ناردنی بۆ پەرلەمان، گفتوگۆیان لەسەر بکردایە، ئێمە ئێستا لەهەوڵداین، لانیکەم، داتاکانی وەزارەتی پلان دانان جێگیربکەین، ئینجا کێشە کە دێتە بەردەم پشکی هەرێم، پەیوەست نیە بە 12,67، بەڵکو پەیوەستە بە داهاتی هەرێم، کە ئایا هەرێم بەچی ڕادەیەک، بەشداری لە سەلەی ئیتیحادی و زیادکردنی داهاتی عێراق دەکات."

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئاشکراشیکرد کوتلە شیعیەکان بەڕونی دو پەیامیان پێگەیاندون سەبارەت بە بەشە بودجەی هەرێم، کە بریتی بون لە: جێگیرکردنەوەی ئەو دەقەی لە یاسای قەرزی داراییدا هاتبو، یاخود داوای هەمو دۆسیەی نەوتی هەرێم دەکەن بە هەمو ئیلتیزامات و کێشەکانی سەری.

هۆشیار عەبدوڵا باسیلەوەکردوە كە تا ئێستا هیچ پەیام و یاداشتێکیان لە هەرێمەوە پێنەگەیشتوە، بەڵام لێدوانی بەرپرسانی هەرێم، ئاماژەن بۆ نەبونی نیەت بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق، وتیشی"لەناو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقدا، ئێمە وەکو هاوپەیمانی هیوای کوردستانی گەورەترین کوتلەین، سێ ئەنداممان هەیە، لەکاتێکدا پارتی دو ئەندام و یەکێتی یەک ئەندامی هەیە، بۆیە چەند سیناریۆیەکمان بۆ چۆنیەتی داکۆکیکردن لە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم داڕشتوە."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×