ڕێزان شێخ دلێر: دەبێت پێشمەرگە و گەریلا بەیەکەوە بەرگریی لە خاکی کوردستان بکەن
  2021-02-23       1050       
ڕێزان شێخ دلێر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرکەوتنی بەرخۆدانی گارە بەرز دەنرخێنێت و دەڵێت، دەبێت تورکیا تێبگات لە هێزی کورد کە بەڕۆحەوە بەرگریی لە خاکەکەیان دەکەن، دەشڵێت: دەبێت پێشمەرگە و گەریلا بەیەکەوە بەرگریی لە کوردستان بکەن.

ئاوێنە: سەرکەوتنی بەرخۆدانی گەریلاکانی ھەپەگە دژ بە هێرشە داگیرکارییەکەی ئەمدواییەی دەوڵەتی تورک لە چیای گارە، کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و هەمووانی دڵخۆشکرد، دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە لە پەیامێکدا داوا دەکات، گەریلا و پێشمەرگە لەیەک سەنگەردا دژ بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بووەستنەوە.

لەوبارەیەوە ڕێزان شێخ دلێر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، سەرکەوتنی گەریلا لە بەرخۆدانی گارە بەرز دەنرخێنێت و دەڵێت: دەوڵەتی تیرۆریستی تورک دەبێت باش تێبگات لە هێزی کورد، هێندە بەئاسایی سەیری پێشمەرگە و گەریلا نەکات، ئەوان بەڕۆحەوە بەرگریی لە خاکەکەی خۆیان دەکەن.

دەشڵێت: دەبێت پێشمەرگە و گەریلا لەهەرکوێیەک بێت بەیەکەوە بەرگریی لە خاکی کوردستان بکەن، دەبێت بە هەموومانەوە ئەم هەرێمە بەرامبەر داگیرکەران بپارێزین.

پێشیوایە ناکۆکیی سیاسیی وایکردووە هێزێکی یەکگرتووی کوردیی دروستنەبێت و دەڵێت: هەمووی کێشەی سیاسییە کە وایکردووە گەریلا و پێشمەرگە بەیەکەوە لە سەنگەرەکان نەبن، ئەگینا پێشمەرگە بەیەک ڕۆحییەت سەیری هەموو هێزە کوردییەکان دەکات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×