هێزەکانی لیوای 12ی پێشمەرگە لە دهۆک خۆپیشاندانیان ئەنجامدا
  2021-02-24       733       
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە هێزەکانی لیوای 12ی وەزارەتی پێشمەرگە لەسه‌ربازگه‌ی ئه‌تروش لەسنوری پارێزگای دهۆک خۆپیشاندانیان ئەنجامدا دژی بێبەشکردنیان لە هاوکارییەکانی ئەمریکا و دابەشنەکردنی سێ مووچە بەسەر پێشمەرگەکانی ئەو لیوایە.

ئاوێنە: بەگوێرەی زانیارییەکان دوای ئەوەی حکومەتی ئەمریکا بڕیاریدا هاوکاری دارایی لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بکات کە ژمارەیان 14 لیوایە، لەسەر ئەو بنەمایەش بڕیارە مووچەی ئەم مانگەیان بەبێ لێبڕین پێبدرێت و سێ موچە بەسەر یەکەوە وەربگرن، بەڵام "رەفتاری فەوجێکی سەر بە لیوای 12ی وەزارەتی پێشمەرگە بوونەتە هۆی ئەوەی کۆی پێشمەرگەکانی ئەو لیوایە لەهاوکارییەکانی ئەمریکا بێبەش بن".

کێشەی لیوای 12 کاتێک دروستبووە کەلە شەڕی داعشدا ئەرکی پارێزگاریکردنی ناوچەکانی قەزای تەلەعفەریان لەسنوری پارێزگای نەینەوای لەئەستۆدابووە و بەوتەی دانیشتوانی سنورەکە پێشمەرگە لەو سنورە "پێشێلکاری جەنگیان ئەنجامداوە"، بۆیە سکاڵایان لەسەر ئەو هێزە لای ئەمریکییەکان تۆمارکردوە.

پەیوەست بەم بابەتەش سەرچاوەیەک لەوەزارەتی پێشمەرگە راگەیاندوە، "لیوای 12ی وەزارەتی پێشمەرگە بەهۆی ئەوەی سکاڵایان لای ئەمریکییەکان لەسەر تۆمارکراوە و گوایە پێشێلکاری جەنگیان ئەنجامداوە، بێ بەشکراون لە هاوکارییەکان و پێشوتریش بەرپرسانی وەزارەت لەبارەی ئەو بابەتە رونکردنەوەیان داوە و بەرپرسانی ئەو لیوایەش ئاگاداری وردەکارییەکانن".

ئاماژەی بەوەشکرد، "حکومەتی هەرێم هاوکارییەکانی ئەمریکا لەگەڵ مووچەدا خەرج دەکات، بەڵام ئەمریکییەکان خۆیان ئەو لایەنانەیان دیاریکردوە کەهاوکارییەکان دەیانگرێتەوە کە پێکهاتون لیوا هاوبەشەکان جگە لە لیوای 12، هەروەها 4 بنکەی مەشقی هێزی پێشمەرگەش هاوکارییەکان دەیانگرێتەوە".

ئەوەش لەکاتێکدایە 21ی ئەم مانگە وەزارەتی پێشمەرگە لەراگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، "کێشەی موچەی لیوای 12ی پیادە چارەسەر کراوە و لە مانگەوە بەبێ لێبڕین موچە وەردەگرن".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×