گۆڕان عومەر ڕەخنەی توند لە ئاسیاسێڵ و کۆمپانیا چاوچنۆکەکان دەگرێت
  2021-02-27       1202       


پەرلەمنتاری گۆڕان عومەر (گۆرانی ئینزیبات) ڕەخنەی توند لە "ئاسیاسێڵ و کۆمپانیا چاوچنۆکەکان" دەگرێت و تۆمەتباریان دەکات بە ئەنجامدانی شێوازێکی نوێ لە تەعریبکردن.  
  
ئاوێنه‌: گۆران عومەر کە ئەندامی لیژنه‌ى ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی و وه‌رزش و لاوانی پەرلەمانی کوردستانە لە پەیجی فەیسبوکی خۆی بابەتێکی بە ناوی "ئاسیاسێڵ و کۆمپانیای چاوچنۆکەکان" بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "دوژمن کاتێک کاردەکات بۆ لەناو بردنت ھەرئەوە نییە جینۆساید و کیمیابارانت بکات یاخو لە بەرەکانی جەنگ بتکوژێت، شەڕی تر زۆرە بۆ لە ناوبردن، نمونە لەوانە شەڕی فەرھەنگ و شەڕی کلتورە، لەناوبردنی زمانە، ھەروەک و چۆن سێ وڵاتی دراوسێ لەوەتەی ھەن کاری لەسەر دەکەن بە چەندین شێوە لە بوارە جیاجیاکانی ھونەر و ئەدەبدا."  

گۆران عومەر باسی لەوەشکردووە، "لەباتی ئێوە خزمەت بە ھونەر و کلتوری نەتەوەکەی خۆتان بکەن بونەتە یارمەتیدەری دوژمن بۆ جۆرێکی تر لە تەعریب! لەباتی ئەو وێنەی بەردەرکی سەرای سلێمانی کە ھەڵتواسیوە، تۆ کوردی، وێنەی ھونەرمەندێکی کوردت لە بەغدا ھەڵواسیایە."  

گۆرانی ئیزیبات لە بڵاوکراوەکەیدا وێنەیەکی هونەر بورهان مەجیدی لە بەردەرکی سەرا بڵاوکردووەتەوە کە لە پشتییەوە بیلبۆردی ڕیکڵامی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ دەرکەوتووە کە هونەرمەندی عێراقی و عەرەبی بانگەشە بۆ ئینتەرنێتی فۆڕجی کۆمپانیاکە دەکات.  

ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە، کۆمپانیای ئاسیاسێڵ کە بنکەی سەرەکی لە سلێمانییە، کازم ساهیری وەک سپۆنسەری سەرەکی ڕیکڵامەکانی دیاری کردووە و بە بەردەوامی دەرکەوێت و پۆستەر و بیلبۆردەکانی لەناو شارەکاندا هەڵدەواسرێت.  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×