سەرۆکی عەشیرەتی غەوارە: پێنج چەکداری دەمامکدار ویستیان بمكوژن
  2021-03-04       1714       
سەرۆکی عەشیرەتی غەوارە رایگەیاند، لە هەولێر لەلایەن پێنج چەکداری دەمامکدارەوە تەقە ئاراستەی پاسەوانەکانی کراوە و ئامانجی تەقەکردنەکەش "کوشتنی من" بووە. ئەو شوێنەشی کە تەقەکەی لێکراوە لە سنووری مەلا ئۆمەرە لە هەولێر، بەرێوەبەری ئاسایشی مەلا ئۆمەریش دەڵێت، "چووینەتە شوێنی رووداوەکە و دیارە کە تەقەکراوە، بەڵام جارێ لە لێکۆڵینەوەداین."

ئاوێنه‌:  شاهۆ شێخ خالید، سەرۆکی عەشیرەتی غەوارە کە هاوکات ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتییە لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاندووە، رووداوەکە درەنگانی شەوی رابردوو (12:15) خولەک روویداوە. "پێنج چەکداری دەمامکدار چوونەتە سەر باخەکەی من لە هەولێر و تەقەیان لە پاسەوانەکانم کردووە و بۆ ماوەی چەند خولەکێک تەقە لەنێوان هەردوولادا روویداوە، بەڵام دواتر چەکدارەکان بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتوون."

سەرۆکی عەشیرەتی غەوارە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات، کە رۆژی چوارشەممە لە سلێمانییەوە هاتووەتە هەولێر "12 پاسەوانم لەگەڵ بووە، 10 لە پاسەوانەکانم بۆ پشوودان چوونەتە باخەکەم کە لە سنووری مەلا ئۆمەرە [رێگەی نێوان هەولێر - پیرمام] و منیش لای خزمێکم بووم لەنێو هەولێر، بەڵام دیارە ئەو چەکدارانە وایان زانیوە من لە باخەکەمم و بۆیە چوون تەقەیان ئاراستەی باخەکەم و پاسەوانەکانم کردووە."

سەبارەت بەوەی کە شەرەکە هیچ زیانێکی لێکەوتووەتەوە یاخود نا؟ شێخ شاهۆ دەڵێت "خۆشبەختانە هیچ یەکێک لە پاسەوانەکانم بریندار نەبوون و چەکدارەکانیش پێموانییە کەسیان برینداربووبێت. بەڵام ئەوان ئامانجیان من بووە و ویستوویانە من بکوژن." وەکخۆی دەشڵێت "چەکدارەکان لە باخێکی تەنیشت باخەکەی منەوە نزیکی پاسەوانەکانم بوونەتەوە، دوو لەو چەکدارانەش لە خانوویەکی تەنیش باخەکەمەوە کە هێشتا تەواونەکراوە تەقەیان ئاراستەی پاسەوانەکانم کردووە."

سەرۆکی عەشیرەتی غەوارە ئاماژە بەوەش دەدات "کێشەم لەگەڵ هیچ کەسێکدا نییە و ناشزانم ئەوانە کێبوون تەقەیان لە پاسەوانەکانم کردووە. سکاڵای یاساییشم لای ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان تۆمارکردووە."

رائید لوقمان مامەر، بەرێوەبەری ئاسایشی مەلا ئۆمەر لە سنووری پارێزگای هەولێر سەبارەت بە رووداوەکە دەڵێت، "دیارە دوو بۆ سێ ئاسایش چوونەتە شوێنی رووداوەکە و ئەوانیش گوتویانە کە تەقەیان لێکراوە، بەڵام ئێمە جارێ لە لێکۆڵینەوەداین و سەیری ئەو کامێرا چاودێرییانە دەکەینەوە کە لە باخەکانی تەنیشی خۆیەوە هەن. چونکە ئەو باخەی کە دەگوترێت تەقەی لێکراوە کامێرای چاودێری نییە."





زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×