ئەردۆغان: بەیاننامەی ئەفسەرە خانەنشینەكان هەڵگری ئاماژەی كودەتایە
  2021-04-05       1424       

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، بەیاننامەكەی دوێنێی زیاتر لە 100 ئەفسەری خانەنشینی هێزی دەریایی وڵاتەكەی سەبارەت بە "رێككەوتنی مۆنترۆ" و پڕۆژەی نۆكەندی ئیستانبوڵ، "هەڵگری ئاماژەی كودەتایە."

ئاوێنە: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە، 10 لەو ئەفسەرانەی كە ئیمزایان لەسەر بەیاننامەیەكدا كردبو دەستگیركران. هەروەك چوار لەو ئەفسەرە خانەنشینانەش داوایان لێكراوە لەماوەی سێ رۆژدا لەبەردەم دادگا ئامادەبن، ئەوەش لەچوارچێوەی لێكۆڵینەوە سەبارەت بەو بەیاننامەیە.

103 ئەفسەی خانەنشین درەنگانی شەوی رابردو، لە بەیاننامەكەیاندا، دژایەتی خۆیان بۆ گۆڕینی دەستور راگەیاندبو و داوایان لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەكە كردبو پاشگەزببنەوە لە جێبەجێكردنی پڕۆژەی نۆكەندی ئیستانبوڵ و جەختیشیان لە گرنگی رێككەوتنی مۆنترۆ كردبوەوە كە لە ساڵی 1936 ئیمزاكراوەو سەروەری توركیا بەسەر هەردو گەروی "بۆسفۆر و دەردەنێل"دا لەسنوری وڵاتەكە دەسەپێنێت و تێیدا باس لە ئازادی هاتوچۆی كەشتییە بازرگانییەكان لەو دو گەروەو سنورداركردنی هاتوچۆی كەشتییە سەربازییەكان دەكات.

هەروەها ئەفسەرە خانەنشینەكان جەختیشیان كردبوەوە كە پێویستە خۆبەدورگرتن هەبێت لە هەر جۆرە لێدوان و كردەوەیەك كە ببێتە مایەی وروژاندنی گفتوگۆ سەبارەت بە رێككەوتنی مۆنترۆ كە بۆ مانەوەی توركیا زۆر گرنگە.

ئەردۆغان ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند"بەیاننامەكەی ئەفسەرانی خانەنشین لە نیەتێكی خراپەوە سەرچاوەی گرتوەو ئەركی ئەفسەرانی خانەنشین نییە بەیاننامەیەك بڵاوبكەنەوە كە هەڵگری ئاماژەی كۆدەتا بێت."

ئەردۆغان وتیشی"سەرجەم ئەو هێرشانەی دیموكراسییەتیان كردە ئامانج لە توركیا دوای چەند بەیاننامەیەكی لەم جۆرە بون."

هەروەها وتیشی"پڕۆژەی نۆكەندی ئیستانبوڵ سەروەریمان بەسەر گەروەكاندا پتەوتر دەكات پلانیشتمان بۆ كشانەوە لە رێككەوتنی مۆنترۆ نییە...بەستنەوەی ئەو رێككەوتنە بە پڕۆژەی نۆكەندی ئیستانبوڵەوە كارێكی هەڵەیە."

پڕۆژەی نۆكەندی ئیستانبوڵ كە جێبەجێكردنی لە پلانی حكومەتدایە، دەریای رەش بە دەریای مەڕمەڕەوە دەبەستێتەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×