بریکاری وەزارەتی تەندروستی: ئەمساڵ لە 20% ی ھاوڵاتیانی هەرێم ڤاکسین وەردەگرن
  2021-04-07       543       
بریکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەپێی ڕێنماییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) دەبێت تاکۆتایی ئەمساڵ 2021 لە 20%ی هاوڵاتیانی هەرێم ڤاکسینی دژ بەکۆرۆنا وەربگرن بۆ ئەوەش حوکمەتی هەرێم پلانی داناوە ئەو ڕێنماییە جێ بەجێبکات، جەختیش دەکاتەوە بەدەمەوەهاتنی هاوڵاتیان بۆ بەکارهێنانی ڤاکسینەکە وەک پێویست نیە.

ئاوێنە: د.ڕەهێڵ فەرەیدوون، بریکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندوە، "وەکو وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێمە پێشتر باسمان لەوەکرد ئەو بڕەبەشەی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵەوە دابینکراوە و کار لەسەر مەسەلەی ڤاکسین کراوە و خۆمان ئەوە بکەین بتوانیین بکەین، بۆیە چەندجارێک داوامانکردووە لەحکومەتی عێراق کردووە هاوکارمان بن."

ئاماژەی بەوەشکردوە، "مەسەلەی چەند ڤاکسین هاتۆتە عێراق دیارە یەکەمجار لەگەڵ کۆمپانیای فایزەر ملیۆنێک و پێنج سەد ژەم ڤاکسین لە فایزەر کڕدراوە بەڵام هەتا ئێستاش نەهاتووە کێشەیەکی تەکنیکی لەکۆمپانیاکە هەبوو بەهۆی ڕێژەی زۆری ئەو گرێبەستانەی کە لەو وڵاتانەوە داواکاربوون، دوای ئەوە عێراق 16 ملیۆن ژەم لەئەسترازینکای کڕیووە دوای ئەوەش وڵاتی چین 50 هەزار جورعەی ناردە عێراق بەهاوکاری، سەرەتا ئێمە پێنج هەزار ژەمە ڤاکسینمان لە سینوفارم وەرگرت کەهەزاری چووە بۆ ئەندامان و ستافی کونسوڵگەری گشتی چین داوایانکردەوە، ئەوی ترمان ڕاستەوخۆ لەنێوان شارەکاندا بەشکرد بەپێی ڕێژەی دانیشتوان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت 43% بۆ سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین، 57% بۆ هەولێر و دهۆک بەکۆیە و سۆرانەوە."

بریکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم ئاماژەی بەو ڕێژە ڤاکسینە دا کەتائێستا هاتۆتە هەرێمی کوردستان لەو ڕووەوە دەڵێت" سەرەتا 5000 ژەمە ڤاکسینی چینی هاتە هەرێم، خۆیان داوای 1000 دانەیانکردووە بۆ کونسوڵگەریەکەی خۆیان ئەو خەڵکانەی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن، هەروەها ئەسترازینکا لەگوژمی یەکەم 43 هەزار و 800 ژەمە ڤاکسین نارد بۆ سێ شارەکەی هەرێمی کوردستان سلێمانی و هەولێر و دهۆک بەپێی لیستێک کەخۆی لەسەر بنەمای ئامارێکی دانیشتوان کەبەڕاستی نازانم بنەماکەی چۆنە و چ ئامارێکە دابەشی کرد بەسەر شارەکانی هەرێم و هەموو شارەکانی عێراقدا 16 هەزار و 500 هاتە سلێمانی 15 هەزار و 800 ژەم چووە هەولێر و 11 هەزار و 500 چووە دهۆک".

سەبارەت بەداواکردن لەهاوڵاتیان بۆ تۆمارکردنی ناوی خۆیان بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی دژ بەکۆرۆنا بریکاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی" بەرنامەکە لەپاڵ ئەوانەی لەکەرتی تەندروستیدان ئێستا ناونوس دەکرێت هەم وەزارەتی تەندروستی حکومەتی فیدڕاڵ و هەم وەزارەتی تەندروستی لەحکومەتی هەرێم لینکێک و بەرنامەیەک دانراوە کەهاوڵاتیان خۆیان ناونوس دەکەن و خۆیان تۆماردەکەن، وە ئەولەویەتیش دراوە بەو کەسانەی لەدوای ستافی تەندروستی ئەوانەی تەمەنیان لە 60 ساڵ بەرەو سەرەوەیە لەگەڵ ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە لەگەڵ ئەوانەی داواکاریانکردووە و ئەوانەی مەترسیان هەیە بۆ نموونە مامۆستایانی قوتابخانەکان بەتایبەتی ئەوانەی پۆلی 12 ی ئامادەیی دەڵێنەوە چونکە ئەو پۆلانە کراونەتەوە بەرەوڕووی خوێندکاران، وەکو یەکسانیش بەڵێ ئێمە هیچ کەسێکمان تەفزیل نەکردووە بەسەر کەسێکی تردا، هەر هاوڵاتیەکیش پێویست بێت بیدرێتێ ئەگەر نەشبێت لەچوارچێوەی ئەو خاڵبەندییەی کردوومانە بەڵام پێویست بێت بۆی دەکەن."

د.ڕەهێڵ فەرەیدون جەختیکردەوە پێدانی ڤاکسین لەهەرێمی کوردستان بەردەوامە، لەو ڕوەوە دەلێت " بەردەوام ئەو ژەمە ڤاکسینانە لێدراون، هاوڵاتیان ئەگەر خۆیان ناونوس نەکەن لەو لینکەدا ناتوانن وەری بگرن بەڵام مامۆستایان و ئەو خەڵکانەی کەدێن هەندێکیان پێمان وتوون و ناویشیان لێی وەردەگرین بۆئەوەی بتوانیین ئاسانکاریان بۆ بکەین و بۆیان بکەین."

سەبارەت پێدانی ڤاکسین بەمامۆستایان د.ڕەهێڵ فەرەیدون وتی " بەڵێ بۆنموونە مامۆستایان خۆیان داوایانکردووە لەڕێگەی یەکێتی مامۆستایانەوە ئێستا ڕۆژنامەنوسانیش داوادەکەن دەڵێن کەئێمەش لەهەموو شوێنەکانیین و لەناو نەخۆشخانەین و زیاتر لەباری توشبوون و وەرگرتنی نەخۆشیەکەن بۆیە ئەمانە ئەولیەتیان دراوەتێ."

سەبارەت بەهەوڵەکان بۆ دەستخستنی ڤاکسینی دژ بەکۆرۆنا؟ د.ڕەهێڵ فەرەیدون ڕونیکردەوە " ئێمە وەکو وەزارەت بۆ گرێبەست لەگەڵ فایزەر قسەمانکرد هەموو هەنگاوەکانی خۆمان بەئاگاداری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ( WHO) بووە و بەئاگاداری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی فیدڕاڵ بووە بەڵام بەداخەوە لەسێشەمەی ڕابردوو فایزەر بەفەرمی وەڵامی داینەوە کە ئێمە ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ ئێوە ناکەین مەگەر لەڕێگەی حکومەتی ناوەندی بەغدادەوە نەبێت، دووەم لەمانگێک زیاترە ئێمە چەندین دانیشتمان و دانوستانمان لەگەڵ ئەسترازینکا کردووە تەنانەت داواکاری ئەوان لەفۆڕم پڕکرایەوە بەڵام کۆتاجار باسیان لەوەکرد یەکێک لەو سێ شوێنەی کەکۆمپانیای ئەسترازینکا بەرهەم دێنێت ڕووسیایە، کۆریای باشور، هیندستانە ئێمە لەگەڵ ڕووسیادا مامەڵەمان کردبوو لەڕێگەی کۆمپانیای ئاڕ فاڕم، ئەو کاتە باسی لەوەکرد تائەم ساتە پرۆسێسینی کۆتایی فرۆشتنی ڕوسیای ئەسترازینکای تەواو نەکراوە ئێمە تۆزێک پاشەکشەمان لەو بارودۆخە کرد."

هەروەها ئەوەشی وت" لەگەڵ سینوفارم ئێستا کەوتینەتە گەڕ و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین چونکە بەڕاستی پێمانوایە ڤاکسینە چینیەکەش کاریگەری خۆی هەیە، پێشتر لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا لەبەرئەوەی بەروبوومی چینی یان کەلوپەلی چینی بەشێوازێکی کوالیتی خراپ هاتووە گومانی زۆری لەسەربوو بەڵام دوای ئەوەی لەڕێگەی کەناڵەکان و خۆشمان باسمان لەوە کرد کەچەندین شوێنی دنیا بەکاری دەهێنێت و ئێستاش لەمامەڵە کردندا لەگەڵ سینۆفارمدا تاچەند بتوانیین لەگەڵ ئەواندا گرێبەست بکەین وەکو گرێبەست لەگەڵ کەسدا کۆتایی پێنەهێنراوە و زیاتر جەختمانکردۆتەوە لەسەر سینوفارم, ملیۆنێک و 200 هەزار کەس دەکات کە دەکاتە کە 20% ڕێژەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات. "

بریکاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەپلانی وەزارەتەکەیان بۆ دابەشکردنی ڤاکسین بەسەر هاوڵاتیاندا وتی" ( WHO)دەڵێت ئەگەر تاکۆتایی 2021 ، 20% و لەکۆتایی 2022 ش 50% بکەن دەکاتە 70% کەدەبێت لایەنی کەم 70% کۆمەڵگەکان بکوترێن ئینجا بەرگری بڵاودەکاتەوە بەڵام هەندێک وڵاتی دەستڕۆیشتوو و توانادار هەوڵدەدەن هەر ئەمساڵ کۆتایی پێبهێنن بۆنموونە بەریتانیا، ئیسرائیل، هەندێک لەوڵاتەکانی کەنداو واتە ئەمانە توانای زۆریان هەیە و توانیوییانە ڤاکسین دابین بکەن هەر زوو گرێبەستیان کردووە و بەردەستە بۆیان."

واتە وەک حکومەتی هەرێم پلانی ئەوەتان هەیە وە تواناتان هەیە تا کۆتایی ئەمساڵ ئەو ڕێژەیەی لە20% WHO داوادەکات ڤاکسین دابین بکەن و هاوڵاتیان وەریبگرن بەوڕێژەیە؟ لەوەڵامدا د.ڕەهێڵ فەرەیدون وتی" بەڵێ ئینشائەڵا چونکە هەوڵمانداوە و حکومەتی هەرێمیش بڕیاریداوە ئەگەر بەغداد نەیتوانی ڤاکسین دابین بکات ئێمە بتوانیین دابینی بکەین بۆیە خەریکی مامەڵە و دانوستانیین لەگەڵ ئەو کۆمپانیانە ئەوانەی کە باسم لێوە کرد."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا دەنگۆکان سەبارەت بە مەترسی ڤاکسینەکان لەنێویاندا ڤاکسینی ئەسترازینیکا کاریگەری هەبووە لەسەر گفتوگۆکانتان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە بۆ دەستخستنی ڤاکسین؟ لەوەڵامدا بریکاری وەزارەتی تەندروسیی هەرێم دەڵێت"یەکەم ئێمە کەئەمە دەکەین چاودێری ئەو سەنتەرە زانستیانە دەکەین کەباس لەوە دەکەن لەڕێگەی کەناڵەکانەوە ئێمە بەفەرمی قسەمان لەگەڵ (WHO) کردووە و پێی ڕاگەیاندین کەتائێستا هیچ توێژینەوەیەکی زانستی سەلمێنراو نییە بۆنموونە باسی خەستبوونەوەی خوێن دەکەن وەکو سایت ئیفێکتی-کاریگەری لاوەکی ئەسترازینکا، شتێک نییە بیسەلمێنێت لەڕووی زانستیەوە کە ئەمە ڤاکسینەکە دەیکات بەڵکو لەهەندێک شوێندا WHO وادەڵێت کە کاریگەری سلبی دوای ڤایڕەسەکە خۆیەتی، بۆیە ئێمە ڤاکسینی ئەسترازینیکا بەسەلامەت دەزانیین و WHO ش پشتڕاستی کردۆتەوە قسە لەوان وەردەگرین".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×