2021-04-09   1728     
قوباد تاڵەبانی
پاش ئهوهی وەزارەتی شارەوانیو گەشتوگوزاری حكومهتی ههرێمی كوردستان دابهشكردنی ژمارهیهك پارچه زهوی بهسهر کەسوکاری شەھیدانی لهلایهن قوباد تاڵهبانییهوه به "یاساشکێنی" ناوبرد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دهڵێت، "هیچ کەسو هێزێک نیە، بتوانێت لەبەردەم مافە رەواکانتان بوەستێتەوە".
ئاوێنه: چهند ڕۆژێك لهمهوبهر میدیای یەكێتی بڵاویكردهوه كه بەفەرمانی قوباد تاڵەبانی چهند هەزار پارچە زەوییهكی نیشتەجێبون بهسهر کەسوکاری شەھیدانو ئەنفالکراوانو زیندانیانی سیاسیدا دابهشدهكرێت، وەزارەتی شارەوانیو گەشتوگوزار كە وەزیرەكەی ساسان عەونییەو سەر بەپارتی دیموكراتی كوردستانە، دژایەتی خۆی بۆ دابەشكردنی زەوی بەبێ رەزامەندی وەزارەتی شارەوانی راگهیاند.
ئهمرۆ ههینی وەزارەتی شارەوانیو گەشتوگوزار ڕونكردنهوهیهكی لهو بارهیهوه بڵاوکردەوەو لهبهشێكیدا ڕایگهیاند، "ڕەفتارکردنو دابەشکردنو مامەڵەکردن لەگەڵ زەویو زاری حکومەتو موڵکی گشتی، لەناو سنوری شارەوانییەکان، بەبێ ڕەزامەندیی فەرمی وەزارەتی شارەوانیو گەشتوگوزار، هەر لایەنو فەرمانگەو کەسێک بیکات، ئەوا یاساشکێنیەو لێکەوتەی یاسایی بەدوادادێت."
لهبهرامبهردا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕونكردنهوهیهكی بڵاوكردهوهو لهبهشێكیدا هاتووه، "لەوانەیە بە لێدوان و ڕوونکردنەوەی نابەرپرسانە، دڵگران بووبن و وا هەستتانکردبێت کەسانێک هەن، ڕێگرن لەبەردەم وەرگرتنی زەوییەکانتان کە مافێکی ڕەوا و یاسایی خۆتانە. من لێرەوە دڵنیاتان دەکەمەوە کە هیچ کەس و هێزێک نیە، بتوانێت لەبەردەم مافە رەواکانتان بوەستێتەوە. "
دهقه رونكردنهوهكهی قوباد تاڵەبانی:
دڵنیاییەک بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی لەھەموو پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان
لەوانەیە بە لێدوان و ڕوونکردنەوەی نابەرپرسانە، دڵگران بووبن و وا هەستتانکردبێت کەسانێک هەن، ڕێگرن لەبەردەم وەرگرتنی زەوییەکانتان کە مافێکی ڕەوا و یاسایی خۆتانە. من لێرەوە دڵنیاتان دەکەمەوە کە هیچ کەس و هێزێک نیە، بتوانێت لەبەردەم مافە رەواکانتان بوەستێتەوە.
ئەو زەوییانەی وەری دەگرن هەموو ڕێکارێکی یاسایی پێویستی بۆ كراوە و بەئیمزای بەندە و بەپێی سێ فەرمان لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرکراون و رێکارەکان لەکابینەی نۆیەمدا تەواوکراون، کە ناوەڕۆکی سێ فەرمانەکە بریتییە لە دابەشکردنی زەوی بەسەر ١١١٤٢ کەس لە کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان.
بۆیە دووبارە دڵنیاتان دەکەمەوە بە هیچ شێوەیەک قابلی قەبوڵ نابێت ڕێگریتان لێ بکرێت بۆ وەرگرتنی مافێکی ڕەوا و یاسایی ئێوەی دڵسۆز و قوربانیدەر.
هەمیشە دڵسۆزتان
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران