یەكێتی ئەوروپا سزای بەسەر هەشت فەرماندەی سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییەكانی ئێراندا سەپاند
  2021-04-12       565       

یەكێتی ئەوروپا، ئەمڕۆ دوشەممە، سزای بەسەر هەشت فەرماندە لە سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییەكانی دیكەی ئێراندا سەپاند كە لەنێویاندا حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی تێدایە، ئەوەش بەهۆی سەركەوتكردنی ناڕەزایەتییەكانی مانگی تشرینی دوەمی ساڵی 2019ی ئەو وڵاتە كە تێیدا بە سەدان خۆپیشاندەر كوژران.  

ئاوێنە: یەكێتی ئەوروپا، ئەمڕۆ دوشەممە، لە بەیاننامەیەكدا جگە لە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو هەشت فەرماندەیەدا، ناوی سێ گرتوخانەی ئێرانیشی هێناوە كە خستونییەتە لیستی سزاكانییەوە لە پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤەوە.

لەبەرامبەر ئەو هەنگاوەدا، سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاندوە، تاران بەتوندی ئیدانەی ئەو هەنگاوەی یەكێتی ئەوروپا دەكات و بە كارێكی "بێ بایەخ"ی دەزانێت.

خەتیب زادە هەروەها ئاماژەی بەوەداوە كە لەبەرامبەر ئەو كارەی یەكێتی ئەوروپادا ئێران گفتوگۆ هەمەلایەنەكانی خۆی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا لەبارەی مافەكانی مرۆڤ، هاوكارییەكانی بواری تیرۆرو ماددە هۆشبەرەكان و پەنابەران، هەڵدەپەسێرێت.

جگە لە حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران، فەرماندەكانی دیكە كە سزاكانی ئەوروپا گرتونیەتەوە پێكدێن لە، غولامڕەزا سلێمانی، سەرۆكی رێكخراوی بەسیج، محەمەد پاكپور، فەرماندەی هێزی پیادەی سەر بە سوپای پاسداران، حسێن ئەشتەری، فەرماندەی پۆلیسی ئێران، حەسەن كەرەمی، فەرماندەی یەكە تایبەتەكانی پۆلیسی ئێران، عولامڕەزا زیایی، سەرۆكی پێشوی گرتوخانەی ئەوین، حەسەن شاهوارپور، فەرماندەی سوپای پاسداران لە خوزستان و هەروەها لەیلا واسقی، قائیمقامی قەزای قودسی پارێزگای تاران.

سەپاندنی سزا بەسەر ئەو فەرماندە ئێرانیانەدا، داخستنی ژمێرەی دارایی ئەو فەرماندانە لە سنوری یەكێتی ئەوروپاو پێدانی ڤیزا پێیان دەگرێتەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە یەكێتی ئەوروپا سەرقاڵی گفتوگۆكانی پەیوەست بە زیندوكردنەوەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێرانە كە لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا ئەو گفتوگۆیانە بەڕێوەدەچن.

ناڕەزایەتییەكانی تشرینی دوەمی ساڵی 2019ی ئێران بەهۆی گرانكردنی نرخی بەنزینەوە سەریانهەڵداو بە ناڕەزایەتی دژبە حكومەت گۆڕان و زۆربەی شارەكانی ئەو وڵاتەیان گرتوە.

هێزە ئەمنییەكانی ئێران زۆر بەتوندی روبەڕوی ئەو ناڕەزایەتیانە بونەتەوەو بۆ ماوەی زیاتر لە یەك هەفتەیەك هێڵی ئینتەرنێت لەو وڵاتە بڕا.

ئێرا كە خۆی بەهیچ شێوەیەك ئاماری رەسمی كوژراوانی ئەو ناڕەزایەتیانەی رانەگەیاندوە، بەڵام هەندێك لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە لەوانە وەزیری ناوخۆ رایانگەیاندبو كە ژمارەی كوژراوان نزیكەی 200 بۆ 225 كەس بوە.

بەڵام رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێكدا وتبوی، لەنێو كوژراوانی ناڕەزاییەتییەكانی تشرینی دوەمی 2019ی ئێراندا ناوی 371 كوژراویان بەدەست گەیشتەوەو ئاژانسی رۆیتەرزیش وتبوی، ژمارەی كوژراوانی ناڕەزایەتییەكان نزیكەی یەك هەزارو 500 كەس بوە.


زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×