مەسرور بارزانی ئیدانەی هێرشەكانی سەر فڕۆكەخانەی هەولێر بنكەی سەربازی توركیا لە باشیك دەكات
  2021-04-15       406       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئیدانەی هێرشەكانی ئەمشەو بۆ سەر فڕۆكەخانەی هەولێرو بنكەی سەربازی توركیا لە باشیك دەكات و دەشڵێت، "ئەندامانی گروپی تیرۆریستی پشت ئەم هێرشەی ئەمشەو، باجی کردەوەکانیان دەدەن."

ئاوێنە: مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە زنجیرەیەك تویتدا نوسیویەتی"بە توندترین شێوە سەرکۆنە و ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەمشەوی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بنکەی سەربازی تورکیا لە باشیک و ئەو گروپە تیرۆریستییەی لە پشت ئەم کارەوەن دەکەم."

وتوشیەتی"هێرشەکانی ئەم دواییە هەوڵێکی زۆر دیارو ئاشکران بۆ تێکدانی ئارامیی و ئاسایشی ئێمەو هەماهەنگیمان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی."

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشداوە كە "هەر گروپێکی چەکدار کە لە چوارچێوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراقدا نەبێت، دەبێت دەستبەجێ لەسنوری هەرێمی کوردستان بکشێنەوە. لەڕۆژانی داهاتودا من لەگەڵ هاوبەشانمان لە عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گفتوگۆ لەسەر ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە دەکەم."

سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتوشیەتی"ئەمشەو لەگەڵ سەرۆک وەزیران مستەفا کازمی و سەرۆکی پەرلەمان محەمەد حەلبوسی قسەم کرد، بۆ جەختکردنەوەو دوپاتکردنەوەی هەماهەنگیمان دەربارەی ئامانجی هاوبەشمان بۆ لێپرسینەوە لەو گروپە نایاساییانە."

جەختیشی كردۆتەوە "خەڵکی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەمەوە کە ئەندامانی گروپی تیرۆریستی پشت ئەم هێرشەی ئەمشەو، باجی کردەوەکانیان دەدەن."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×