بابەكر زێباری، راوێژکاری
سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو هێزەی ھێرشەكەی شەوی رابردوی
هەولێری ئەنجامداوە، توانای زۆری هەبوەو پشتگیری دەكرێت. دەشڵێت: تاوەکو لە سنوری
نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق دورنەخرێنەوە، مەترسی بەردەوام دەبێت.
ئاوێنە: بابەکر زێباری، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە
میدیای رەسمی پارتی راگەیاند، ھێرشەکەی شەوی رابردو بۆ سەر ھەولێر، دوژمنکارانە بو،
بۆ ئەوەی دۆخی کوردستان تێک بدەن و ئەوانەی ئەو کارەشیان کردوە، توانای زۆریان ھەیە
کە فرۆکەیان ناردوەو تەقەمەنییان بەرداوەتەوە و لەو شوێنەی مەبەستیان بوە تەقیوەتەوە
کە ئەوە لە کامێراکان دەرکەوتوە، بۆیە ئەوانە چەکی باشیان ھەیە و پشتگیرییان دەکرێت،
ئەگەر نا ناتوانن ئەو کارە بکەن.
بابەكر زێباری وتوشیەتی،
ئەوانە، ئەو کارە لەسەر سنوری نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکەن، بۆیە پێویستە
حکومەتی عێراق لەو ناوچانە دوریان بخاتەوە و ھێزی خۆیان لە شوێنی ئەوان دابنێت، یان
بە ھێزی ھاوبەش پڕی بکەنەوە، ئەگەر نا ئەو جۆرە ھێرشانە بەردەوام دەبن.
راوێژکاری سەربازیی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەوان ھاوپەیمانان دەکەنە ئامانج، بۆیە پێویست
بو بێدەنگ نەبن و کاردانەوەیان ھەبێت و لە تۆڵەی ئەوە، دەبوایە 20 جار ئەوانیان بۆردومان
کردبوایە، بۆیە ئەو مەترسییە بەردەوام دەبێت تا ئەوانیش بەو شێوەیە بەردەوام بن و
رێگرییان لێ نەکرێت.