ئەمریكا 500 هەزار دۆلار بۆ پاراستنی "دەروازەی بادینان" لە ئامێدی تەرخان دەكات
  2021-04-16       394       

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بڕی 500 هەزار دۆلاری بۆ پاراستنی "دەروازەی بادینان" تەرخانكرد كە شوێنەوارێكی مێژووییەو دەكەوێتە قەزای ئامێدی.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراویكی كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لە هەولێر، رۆب والەر، کونسوڵی گشتی لە سەردانێكیدا بۆ ئامێدی مینحەیەکی دارایی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای بە بڕی 500 هەزار دۆلار راگەیاند کە تەرخانکراوە بۆ پارێزگاریلێکردن و پاراستنی (دەروازەی بادینان).

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"حکومەتی ئەمریکا سورە لەسەر پارێزگاریلێکردن و نۆژەنکردنەوەی ئەم کەلەپورە کلتورییە ناوازەیەو زۆر خۆشحاڵە بە کارکردن لەگەڵ کوردانی هاوڕێمان بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە."

كونسوڵخانەی ئەمریكا وتوشیەتی"هیوادارین ئەم مینحەیە ببێتە پردێکی نوێ بۆ بەهێزکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان گەلی ئەمریکاو هەرێمی کوردستان. لەگەڵ ئەوەی 'دەروازەی بادینان' پارێزگاری لێدەکرێت وەک خزمەتێک بە هەموو مرۆڤایەتی، لە هەمان کاتیشدا دەبێتە یارمەتیدەرێک بۆ بوژاندنەوەی کۆمەڵگەکە لە ڕوی ئابورییەوە."

دەروازەی بادینان كە دەكەوێتە قەزای ئامێدی سەربە پارێزگای دهۆك، شوێنەوارناسان مێژوەكەی بۆ دو هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێننەوە.

 

 

 

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×