"باندێکی رفاندن و دزیکردن" لە هەولێر دەستگیركران
  2021-05-02       497       

پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستگیرکردنی باندێکی رفاندن و دزیکردنی راگەیاند کە لە شاری بەغدا ئەو كارانەیان ئەنجامداوەو وەک کەسانی نزیک لە بەرپرسان و سەرۆک هۆزەکان خۆیان ناساندوە.

ئاوێنە: هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "ھێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر باندێکی گەورەی رفاندن و دزیکردنیان دەستگیرکرد لەناو شاری ھەولێر، باندەکە لە چەند تۆمەتبارێک پێکهاتون لە شاری بەغدا بە رفاندن و دزیکردن بە زەبری چەک تۆمەتبارکراون، ئەم باندە ھەڵسابون بە رفاندنی چەندین ئافرەت و منداڵی ساوا بە زەبری چەک و خۆیان وا دەناساند کە سەربە بەرپرسی باڵای شاری بەغدان و گەورە سەرۆکی ھۆزەکانن، بەڵام لەڕاستیدا وانەبو ئەمانە تۆمەتباربون، بۆیە ھێزەکانمان زۆر بە بوێرانە دەستگیریکردن."

دەربارەی شوێن و کاتی دەستگیرکردنیان، هۆگر عەزیز رایگەیاند "ماوەیەک پێش ئێستا دو تۆمەتباری ئەم باندە دەستگیرکران، رۆژی ھەینیش 30ی نیسان ھێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکەمان بەپێی ماددەی 444 لە یاسای سزادان، تۆمەتباری سەرەکی باندەکەی دەستگیرکرد."

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر راشیگەیاند "بەشێوەیەکی فەرمی ئەم تۆمەتبارانە رەوانە (تەسفیر)ی شاری بەغدا دەکەینەوە."

وتیشی"لە ساڵی 2020 توانیومانە 183 تۆمەتبار دەستگیربکەین کە جۆرەھا تاوانیان ئەنجامدابو وەک دزی و رفاندن و تاوانەکانی دیکە و دوای دەستگیرکردنیان رەوانەی شارەکانی تری ھەرێمی کوردستان و شارەکانی عێراق کراونەتەوە کە لێی داواکرابون."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×