شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ: ئاگاداری هاوپەیمانی یەكێتی و گۆڕان نەبوین
  2021-05-02       1429       

لە نامەیەکدا بۆ رێباز بێرکۆتی کە کاندیدی یەکێتی بو لە هەولێرو دواتر کشایەوە، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، بێ ئاگای خۆی لە هاوپەیمانی نێوان یەكێتی و گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەردەبڕێت و دەڵێت: هیوادارم لەو هاوپەیمانییەدا هیچ شوێنێك نەكرابێتە قوربانی شوێنێكی تر.

ئاوێنە: شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ لە نامەكەیدا بۆ رێباز بێركۆتی وتویەتی"بەداخم كە ئەمجارە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستەكەمان جەنابتی تێدا نییە...ئەو هاوپەیمانێتییەی هیچ یەك لە هەڤاڵانی هەولێر ئاگاداری نەبون ئەم دۆخەی دروست كرد."

هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕو"هیوادارم هاوپەیمانێتییەكە سەركەوتو بێت و هیچ شوێنێك نەكرابێتە قوربانی شوێنێكی ترو براوەی سەرەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بێت."

دەقی نامەكە...

برای بەڕێزم كاك ڕێباز بێركۆتی

سڵاوێكی گەرم

هیوام هەمیشە باشیتە.

ئەم نامەیەت ئاراستە دەكەم و لەڕێگای ئەم نامەیەوە دەمەوێت سوپاسگوزاری خۆمت ئاراستە بكەم، كە هەمیشە لە ژیانتدا پێشەنگی هەڵوێست و جوامێری بویت، لە خەباتی شاخ و ژیانی پێشمەرگایەتیتدا هەمیشە وەك فەرماندەیەكی قارەمان و دڵسۆزو چاونەترس لە پێشی پێشەوەی سەنگەرەكان بویت و نەبەردانە بەرگریت لە هەڵوێستەكانت كردوە، لە خەباتی شاردا و لە پرسە چارەنوسسازە سیاسییەكاندا هەڵوێستەكانت هەمیشە جێگای تەقدیرو ڕێز بونەو یارو نەیار سەرسام بونە بە هەڵوێستە مەردانەكانت.

برای بەڕێزم كاك ڕێباز بێركۆتی

بەداخم كە ئەمجارە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستەكەمان جەنابتی تێدا نییە، لە كاتێكدا بۆ سەركەوتنی یەكێتی لە هەولێر پێویستمان بەكەسایەتی جەنابت و پەیوەندییەكانت بو، بونی تۆ دەبوە مایەی سەركەوتن و بەخشینی ورەیەكی بەهێز پێمان، بەداخەوە كە ئەو هاوپەیمانێتییەی هیچ یەك لە هەڤاڵانی هەولێر ئاگاداری نەبون ئەم دۆخەی دروست كرد، هیوادارم هاوپەیمانێتییەكە سەركەوتو بێت و هیچ شوێنێك نەكرابێتە قوربانی شوێنێكی ترو براوەی سەرەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بێت.

دوبارە لەڕێگای ئەم نامەیەوە سوپاسی خۆمت ئاراستە دەكەم كەهەمیشە هەڵوێستەكانت لە پێناو بەرژوەندی گشتی بوەو بەرژەوەندی خۆت وەلاناوە.
برات

شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×