وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی گفتوگۆکانی ڤییەننا زانیاری دەخاتەڕو
  2021-05-31       209       
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئێران هێزێکی جیهانییە و لەگفتوگۆکانی تایبەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015ش کەلە ڤییەننا بەڕێوەدەچن بەرەوپێشچونی باش بەدەستهاتوە، بەڵام ژمارەیەک دۆسیەی سەرەکیش هەیە کەدەبێت لەگفتوگۆکاندا یەکلایی بکرێتەوە .

ئاوێنە: سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەلێدوانێکدا رایگەیاند، "ئەگەری ئەوە هەیە دواین قۆناغی گفتوگۆکانی ڤییەننا بەڕێوەبچێت، دەبێت ئێمە پەلەنەکەین دوای ئەوەی لەگفتوگۆکان بەرەوپێشچونی باش بەدەستهاتون، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک دۆسیەی سەرەکیش ماون کە دەبێت یەکلایی بکرێتەوە".

ئێران لە گفتوگۆکانی ڤییەننا داوا دەکات رێگەی پێبدرێت پارێزگاری لە یۆرانیۆمی پیتێنراو بکات کەدوای کشانەوەی ئیدارەی پێشوی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ لەرێککەوتنی ئەتۆمی، تاران یۆرانیۆمی پیتێنراوی بەرزکردەوە، هەروەها ئێران داوا دەکات سەرجەم سزاکانی سەر وڵاتەکەی هەڵبوەشێندرێتەوە.

پێشوتریش جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا نیازی خۆی بۆ گەڕاندنەوە بۆ نێو رێککەوتنەکە ئاشکراکردوە، بەڵام بەو مەرجەی کە ئێران بە تەواوی بە رێککەوتنەکە پابەندبێتەوە.

ساڵی 2018، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا، واشنتنی لە رێککەوتنەکە کشاندەوە و قۆناغ بە قۆناغ سزای بەسەر ئێراندا سەپاند، چونکە پێیوابو رێککەوتنەکە پێویستی بە پێداچونەوەیە.

ئێران دەستی بە هەڵپەساردنی قۆناغ بە قۆناغی ئەرکەکانی کرد
لە کاردانەوەی ئەوەدا، ئێران دەستی بە هەڵپەساردنی قۆناغ بە قۆناغی ئەرکەکانی کرد و ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی بەرزکردەوە.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×