تەندروستی سلێمانی: حاڵەتەكانی سكچون و رشانەوە زیادیان كردوە
  2021-06-09       496       

تەندروستیی سلێمانى رایگەیاند؛ ژمارەى حاڵەتەكانی توشبون بە سکچون و رشانەوە سێ هێندە زیادی کردوە، دەشڵێت: وشکەساڵى و پەنا بردنە بەر ئاوى بیر و سەرچاوەى دیکەى ئاو هۆکارى بڵاوبونەوەى ئەو نەخۆشیەیە.

ئاوێنە: د. سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حاڵەتەکانی توشبون بە سکچون و رشانەوە بەراورد بە رابردو سێ هێندە زیادیان کردوە بۆیە ئەگەر کۆنتڕۆڵ نەکرێت مەترسی بڵاوبونەوەی نەخۆشی کۆلێرای لێدەکرێت.

وتیشی، زۆرترین حاڵەتەکانی توشبون بە سکچون و رشانەوە لە ناوچەکانی دەرەوەی سەنتەری پارێزگای سلێمانی تۆمارکراون، داوامان لە رێکخراوە تەندروستی و جیهانییەکان کردوە هاوکارمان بن لە پاراستنی هاوڵاتیان.

هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا د. رزگار عەلی بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند،  حاڵەتەکانی توشبون بە سکچون و رشانەوە بەجۆرێک زیادی کردوە ئەگەڕ لە رابردودا رۆژانە (200) حاڵەت تۆمارکرابێت ئێستا ژمارەکە بەزربوەتەوە بۆ (800) حاڵەت.

وتیشی"پێوستە هاوڵاتیان دوربکەونەوە لە بەکارهێنانی ئاوی چەم و روبارەکان و ئاوی شیاو بۆ خواردنەوە بەکاربهێنن لە رۆژانى داهاتوشدا رێژەى کلۆر لەئاوى خواردنەوەدا بەرزدەکەینەوە."

بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی وتیشی: ئەگەر حاڵەتەکان بەو شێوەیە بەرز ببنەوە ناچار دەبن بە قەدەغەکردنی سەوزەو میوەو گرتنەبەری رێکاری خۆپارێزی توند.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×