ئەمینداری گشتی یەکگرتوو: ئازا ئەوەنیە هەڕەشەی شەڕ بکات
  2021-06-13       341       
سەڵاحەدین محەمەدبەهادین ڕایگەیاند، ئازا ئەوەنیە هەڕەشەی شەڕ بکا، بەڵکو ئازا ئەوەیە هونەری چارەسەری ئاشتییانە بەکاربهێنێ وخەمی نەڕشتنی دڵۆپێک خوێنی بێ.

ئاوێنه‌: ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، سەڵاحەدین محەمەدبەهادین، لەلاپەڕەی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی، “ماوەیەکە تارمایی شەڕی کوردان باڵی کێشاوە بەسەر نیشتماندا و شەڕ نیشانەی شکستی لایەنەکانە شەڕ نیشانەی شکستی لایەنەکانە، بۆیە ئازا ئەوەنیە هەڕەشەی شەڕ بکا، بەڵکو ئازا ئەوەیە هونەری چارەسەری ئاشتییانە بەکاربهێنێ وخەمی نەڕشتنی دڵۆپێک خوێنی بێ”.

ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ئاماژەى بەوەشکردووە، “ئەرکی هەموانە عەقڵ بکەینە حەکەم و ‏بەڵێ بۆ ئاشتی و نەفرەت لەشەڕ”.

ئەمە لەکاتێکدایە، کەجەکە، شەوى ڕابردوو لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، هیچ سیاسەتێکمان بۆ شەڕ لەدژی هیچ هێزێکی کوردیی نییە، داواش لە گەل، ڕۆشنبیران و هێزە سیاسییەکان دەکەین، هەست بە مەترسیداریی دۆخەکە بکەن و بۆ ڕاگرتنی پەدەکە بکەونە جموجوڵ.

هەروەها، موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە، لە بانگەوازییەکدا کە ئاڕاستەی لایەنەکانی چوار پارچەی کوردستانى کرد ڕایگەیاند، کە داواکارە لەبەرامبەر ئەو دۆخەدا بێدەنگ نەبن کە پەدەکە لە مەتینا دروستی کردووە و ڕێگا نەدەن شەڕ لەنێوان پەکەکە و پەدەکە دروست ببێت، داواش دەکات بچنە مەتینا و خۆیان دۆخەکە هەڵسەنگێنن، تا بۆیان دەربکەوێت کێ مافدارە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×