سزادراوانی بادینان چاویان بەكەسوكاریان كەوت
  2021-06-13       646       
پارێزەری خۆبەخشی سزاداراوانی بادینان رایگەیاند، دوای دادگاییكردن‌و حوكمدانیان، بۆ یەكەمینجار كەسوكاری هەر پێنج گیراوەكەی بادینان لەبەندینخانە چاویان بەسزادراوان كەوتووه‌.

ئاوێنه‌: بەشدار حسێن، پارێزەری سزاداوانی بادینان بەسایتی‌ كوردیوی راگەیاندووه‌، كاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، لەسەر داوای بەشێك لەئەندامانی پەرلەمانی كوردستان بۆ یەكەمینجار، كەسوكاری سزادراوانی بادینان توانییان سەردانی رۆڵەكانیان بكەن لەئاسایشی گشتی هه‌ولێرو هەر سزادراوێكیش 10 خولەك رێگەیان پێدراوه‌ كەسوكارەكانیان ببینن.

ناوبراو ده‌ڵێت، بەگوێرەی وتەی كەسوكاریان سزادراوان، ئێستا جێگەو حاڵیان باشترەو لەلایەن ئاسایشەوە مامەڵەیەكی باشتریان لەگەڵدا دەكرێت. وتیشی، "سزادراوان وتویانە قۆناغە سەختەكانمان تێپەڕاندوەو له‌داهاتویەكی نزیكدا ڕەوانەی گرتوخانەكانی چاكسازیی دەكرێن."

پارێزەر بەشدار حسێن ئەوەشی وتووه‌ كە سزادراوه‌كان تا ئێستا چاوەرێن لەڕێگەی دادگاوە بڕیاری سزادانه‌كه‌یان هەڵبەوەشێتەوەو بێ تاوانیان بسەلمێندرێت. 

رۆژی 16ی شوباتی‌ 2021 دادگای تاوانه‌كانی 2ی هه‌ولێر بڕیاریدا به‌سزای‌ شه‌ش ساڵ زیندانیكردن بۆ هه‌ریه‌ك له‌رۆژنامەنوسا‌ن‌و چالاکوانانی سنوری بادینان (شێروان شێروانی، ئه‌یاد كه‌ره‌م، گوهدار محه‌مه‌د ئه‌مین، شڤان سه‌عیدو هاریوان عیسا).

دواترو پاش پەسه‌ندکردنی بڕیارەکە لەلایەن دادگای پێداچونەوەوه‌، بڕیاره‌كه‌ی‌ دادگا لەسه‌ر ئاستی ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتی کاردانەوەو ئیدانه‌كردنی به‌رفراوانی‌ بەدواداهات، بەتایبەت کاتێک لەدیباجەی بڕیاری دادگای پێداچونەوەدا ناوی کۆنسوڵخانەی ئەڵمانیاو ئەمریکا هێنرابو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×