CPT زانیاری نوێ لەبارەی بۆردومانكردنی ئۆتۆمبێلەكەی ناوچەی پشدەر لەلایەن توركیاوە ئاشكرادەكات
  2021-06-14       983       

رێكخراوی CPTی ئەمریكی، ئەمڕۆ دوشەممە، ناسنامەی یەكێك لەو چوار كەسەی ئاشكراكرد كە دوێنێ لەئەنجامی بۆردومانكردنی ئۆتۆمبێلەكەیان لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركییەوە شەهیدبون و دەشڵێت، ئەوانی دیكە میوانی ئەو كەسە بون و خەڵكی گەرمیان بون بەڵام هێشتا ناسنامەیان نەزانراوە.

ئاوێنە: رێكخراوەكە، ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، دوێنێ 13ی حوزەیران، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لە گوندێکی سەربە ناحیەی ھەڵشۆ، لە ناوچەی پشدەری کوردستانی عێراق بە ئامانج گرت. لە ئەنجامی ئەو ھێرشە ئاسمانییەدا ھاوڵاتیەکی مەدەنی خەڵکی گوندی "بێکڵۆ" بەناوی "بابەکر تۆفیق" لەگەڵ سێ کەسی تردا کە تا ئێستا ناسنامەیان نەزانراوە گیانیان لەدەستدا.

ھاوڕێیەکی بابەکر بۆ CPT وتویەتی"دوێنی بابەکر سێ میوانی گەرمیانی ھەبو، دوای ئەوەی نانی نیوەڕۆیان خوارد، بابەکر ویستی بیانبات بۆ گوندەکەی خۆیان. کاتێک ئەوان لە ڕێگادابون بۆ گوندی بێکڵۆ، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا ئۆتۆمبێلەکەیانی بە ئامانج گرت و ھەمویانی شەھیدکرد. بابەکر بێتاوان بو."

رێكخراوەكە ئەوەشی وتوە، ھەر بەھۆی ئەو بۆردومانەوە، 10 دۆنم زەوی کشتوکاڵی سوتاوەو بۆدرومانەكەش لە دوری 120 کیلۆمەتر لە سنوری نێوان تورکیا-عێراقەوە رویداوەو شوێنی بە ئامانج گرتنی ئۆتۆمبێلەکەش تەنیا حەوت کیلۆمەتر لە شارۆچکەی قەڵادزێ-وە دور بوە کە شوێنێ نیشتەجێبونی زیاتر لە 100 هەزار هاوڵاتییە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×