2021-06-20   1689     
شەوی ڕابردوو لەشاری سلێمانی لە ڕووداوێکدا کەسێک دەسڕێژی گولـلەی لە دوکانێک کرد و بەهۆیەوە کەسێک کوژرا و یەکێکی دیکەش برینداربوو، لە ڕووداوێکی دیکەشدا کەسێک بریندار کرا.
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیاند، "شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی هوانەی شاری سلێمانی کەسێک چووەتە دوکانێکەوە و لەوێ لەگەڵ دوو برادا کە خاوەنی دووکانەکە بوون بووەتە دەمەقاڵیان."
وتیشی، "دواتر کەسەکە ڕۆشتووە و بە چەکێکەوە گەڕاوەتەوە و تەقەی لە دووکانەکە کردووە کە بەهۆیەوە یەکێک لەو دوو برایە کوژراون و کەسێکی دیکەش کە کڕیار بووە لەوێ بریندار بووە."
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، ناسنامەی بکوژەکە دیاری کراوە و لەئێستادا بەشوێنیدا دەگەڕێن بۆ دەستگیرکردنی، بریندارەکەش گولـلە بەر قاچی کەوتووە و تەندروستیی جێگیرە.
هاوکات وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی باسی لەوەکرد، لە ڕووداوێکی دیکەدا لە گەڕەکی خەبات کەسێک بە گولـلە بریندار کراوە کە تائێستا هۆکاری ڕووداوەکە ڕوون نییە و لیکۆڵینەوەکانیان لەوبارەیەوە بەردەوامە.