سەعدی ئەحمەد: یەکێتی لە بارودۆخی خۆیدایە و خۆی دەتوانێت کێشەکانی چارەسەربکات
  2021-07-20       1666       
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، ئێستا یەکێتی لە بارودۆخی خۆیدایە و خۆی دەتوانێت کێشەکانی چارەسەربکات.

ئاوێنە: سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێكی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند ئەو بارودۆخەی ئێستا عێراق و هەرێمی کوردستان پێیدا تێپەڕدەبێت، بارودۆخێکی نیوە جێگیرە و لەڕووی ئەمنی و بژێوییەوە کێشەی هەیە."

دەشڵێت "ئێستا یەکێتی لە بارودۆخی خۆیدایە، ئەو کێشانەی هەیەتی، خۆی دەتوانێت چارەسەری بکات."

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەو دەمێکە باسی لەوە کردووە کە "هەڵبژاردنی ئەمجارە زۆر بە زەحمەت سەردەگرێت و لایەنەکانیش بە گومانەوە سەیری سیستەمی هەڵبژاردن دەکەن. پێموایە نەبوونی رێککەوتن و بڕوابەخۆبوون لەنێوان لایەنە سیاسییەکان و دەستێوەردەرانی وڵاتانی دەرەوەش رێگرن لە هەڵبژاردنی ئەمجارە."

سەعدی ئەحمەد پیرە جەختیكردەوە، ئەوانەی هاوپەیمانییەتییان کردووە دەبێت بەردەوام بن لە هاوپەیمانییەتی، ئەوانەیشی نەیانکردووە دەتوانن شان بەشانی ئەو هاوپەیمانییەتییە رێککەوتننامەیەک بکەین. باشترین کاریش ئەوەیە نەهێڵین هیچ دەنگێک لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بەفیڕۆ بڕوات." دەشڵێت "پێویستە زۆرترین ئەندامانی پەرلەمان بنێرین بۆ بەغدا، ئەوانەیشی دەیاننێرین پێویستە بتوانن شەڕی دەستووریی و پەرلەمانی بکەن."

سەعدی ئەحمەد دەشڵێت "پێویستە پشتیوانیی شاندی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بکرێت."

ب سەعدی پیرە رایگەیاند، ئەو هاوپەیمانییەتییە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کراوە و لەگەڵ کەسێک نەکراوە، ئەو کەسە [لاهوور شێخ جەنگی] خۆی وتوویەتی کە لە سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان دەست لەکار دەکێشێشتەوە. بۆیە ئەو بەرپرسیارییەتییە رووبەڕووی هاوسەرۆکەکەم و سەرکردایەتی دەکرێتەوە، لە هاوپەیمانییەتییەکەش شتێک نەگۆڕاوە و ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە کە دەبێت سەرۆکی هاوپەیمانییەتییەکە دەستنیشانبکرێتەوە."

سەعدی پیرە وتی "سەرکردایەتی یەکێتی توانای کۆنگرەی هەیە، لەدوای جەژنیش ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بیرلەوەدەکاتەوە کە چۆن چارەسەری ئەو دۆخە بکات."
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×