2021-07-21   847     
لە قەڵادزێ بە هۆی تەقینەوەی TNT كەسێك گیانی لە دەستدا و دوو كەسی دیكەش بریندار بوون كە ویستویانە بیری دەستی هەڵبكەنن.
ئاوێنه: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە، كەمێك پێش ئێستا تەرمێك بەناوی ( م . س . ح ) لەدایك بووی ساڵی 1988 دانیشتووی گوندی سەیداحمەدان لەگەڵ 2 برینداری تر گەیەندرانە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ كە لەكاتی هەڵكەندنی بیری دەستی ویستویانە TNT بەكاربهێنن و دەستبەجێ پێیاندا تەقیوەتەوە.
ئاماژە بە ئەوەشكراوە، ئەو كەسەی گیانی لەدەستداوە لەكاتی تەقینەوەكەدا كوڕێكی بریندار بووە كە تەمەنی 8 ساڵە لەگەڵ مێردمنداڵێكی تر كە تەمەنی 16 ساڵە .
لە ڕاگەیاندراوەكەی پۆلیسی ڕاپەڕیندا باس لەئەوەشكراوە، قوربانیەكان وەستای هەڵكەندنی بیر بوون و لەكاتی كاركردن بۆ خاوەن باخێك TNTیان بەكار هێناوە، بەوتەی خاوەن باخەكەش “ئەوانی بەكرێ گرتووە تا بیری دەستی بۆ هەڵكەنن، بەڵام لەناو بیرەكە گەیشتونەتە شاخ و ویستویانە بە سود وەرگرتن لە TNT شاخەكە بشكێنن، بەڵام پێیاندا تەقیوەتەوە.
ئەوەش بڵاوكراوەتەوە، باری تەندروستی بریندارەكان جێگیرە و دۆسیەی لێكۆڵینەوەش بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە.