بەریتانیا سزای زیندانی بەسەر ئەو كۆچبەرانەدا دەسەپێنێت كە بە نایاسایی دەگەنە ئەو وڵاتە
  2021-07-21       1037       

پەرلەمانی بەریتانیا بەزۆرینەی دەنگ، یاسایەكی نوێی پەسەندكرد كە بەپێی یاساكە گەیشتنی كۆچبەران بەو وڵاتە بەشێوەی نایاسایی و قاچاخ دەچێتە چوارچێوەی تاوانەوەو سزای زیندانیكردنی دەبێت.

ئاوێنە: بریتى باتیل، وەزیرى ناوخۆى بەریتانیا ڕایگەیاند، یاسای ڕەگەزنامە و سنورەکان چارەسەرى "سیستمى پەنابەرى" دەکات و کارەکانى قاچاخچێتیش کۆتایی دێت کە لەلایەن قاچاخچیەکانەوە بەشێوەیەکى نایاسایى خەڵکى دەپەڕێننەوە بۆ ئەو وڵاتە.

بەپێى یاساکە کە بە 366 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 265 دەنگی نەخێر، پەسەندکرا، دەسەڵات دراوەتە هێزەکانى پاسەوانانى سنور بۆ گەڕانەوەى بەلەمى کۆچبەران کە هەوڵى پەڕینەوەى نۆکەندى ئینگلیزى دەدەن لە فەڕەنسا بە بەکارهێنانى هێز ئەگەر پێویستى کرد.

هەروەها، ئەوانەشى کە بەشێوەیەکى نایاسایی دەچنە ئەو وڵاتەوە لە 6 مانگەوە بۆ 4 ساڵ سزاى زیندانیکردن بەسەریاندا دەسەپێنرێت و سزاى زیندانیکردنى هەتاهەتایش بۆ ئەو قاچاخچیانەى کە سەرپێچى یاساکە دەکەن.

بەپێی ئامارەكانی حكومەتی بەریتانیا، رۆژی دوشەممەی ئەم هەفتەیە 430 كۆچبەر لە رێگەی كەناڵی ئینگلیزییەوە پەڕیونەتەوە بۆ بەریتانیاو وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەكە ئەوەی بە ژمارەیەكی پێوانەیی نوێی پەڕینەوەی كۆچبەران زانیوە كە بەڵگەیە لەسەر بەرزبونەوەی گەیشتنی كۆچبەران بۆ بەریتانیا بەشێوەی نایاسایی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×