چۆن ئیمارات بارانی داباراند..؟!
  2021-07-23       1593       
لوقمان حەوێز

تەکنیکی ئەنجامدانی دابارینی دەستکرد یان زۆرکردنی ڕێژەی دابارین لە ڕێگەی پیتاندنی هەورەکان cloud.seeding ڕێگەیەکی زۆر نوێ نیە، ئەمەریکیەکان لە جەنگی جیهانی دووەم لەشەڕی نۆڕماندی لەکەنارەکانی فەرەنسا ئەو ڕێگەیەیان گرتەبەر بە مەبەستی ڕێگەگرتن لەهاتنی تانکەکانی ئەڵمانیەکان بۆ ناوچەکە، لە ئێستاشدا ساڵانە بەبەردەوامی ئەم ڕێگایە دەگیرێتە بەر لە هەندێک لە ویلایەتەکانی ئەمەریکا وەکو یوتا و ئایداهۆ بۆ زۆرکردنی ڕێژەی دابارین و بەرزکردنەوە ئاستی ئاو لە دەریاچەکانی ئەو ویلایەتانە، ووڵاتی چینیش چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی یاریە ئۆلۆمپیەکان لە شاری پەکین لەساڵی 2012 ئەو کارەی ئەنجامدا بۆ ئەوەی ڕۆژی دەستپێکی یاریەکان ئاسمانی پەکین ساف و شین و بێ هەور بێت، ئەم تەکنیکە بەشێکە لە کۆمەڵێک ڕێگە یان کۆمەڵێک هەوڵدان کە ئێستا لە گەلێک لە ووڵاتانی جیهان لە ئارادایە بۆ دەستێوەردانی مرۆڤ لە کەش و هەوای هەسارەکەمان، لە ئێستادا 52 ووڵات خاوەنی دەزگا و دامەزراوەی تایبەتن بەو مەبەستە، ووڵاتی ئیماڕاتیش یەکێکە لەو ووڵاتانەی کە لە ساڵی 2010 وە ساڵانە ملیۆنەها دۆلار لەو بوارە سەرف دەکات و هەوڵەکانی بەچڕی خستۆتە گەڕ، ئیماڕات بە یەکێک لەووشکترین ووڵاتانی جیهان دادەنرێت، بۆ نمونە تێکڕای دابارینی ساڵانە لە ئەبوزەبی لە 50 میللیمەتر کەمترە، لە دوبەی لە 70 میللیمەتر کەمترە، بۆیە چەند ساڵێکە لە هەوڵی ئەودان ڕێژەی دابارین بەم ڕێگایە بەرز بکەنەوە، ڕۆژی چوارشەممە واتە پێرێ بەسەرکەوتوویی بەم ڕێگەیە دابارینێکی دەستکردیان ئەنجامدا.

چۆن ئەم کارە ئەنجام دەدرێت..؟
هەورەکان لە هەڵمی ئاوی چڕبووەوە پێکدێن کە لە شێوەی وردیلە و دڵۆپی ئاوی زۆر زۆر بچوک یاخود لە کریستاڵی بەفرینی زۆر زۆر بچوک پێکهاتوون، ئەو وردیلانە لەبەر بچوکیان ناگەن بە ڕووی زەوی لەو هەورانەی کە دابارین دروست ناکەن، بەڵام دابارینی سروشتی و ئاسایی ڕوودەدات کاتیك ئەو دڵۆپ و کریستاڵە زۆر وردانە لەگەڵ تەنۆچکە زۆر بچوکەکانی نێو هەوا یەکدەگرن کە دەشێت وردیلەی تۆزی نێو هەوا بن یان وردیلەکانی دوکەڵ بن، دوای ئەو یەکگرتنە دڵۆپەکان وردە وردە گەورەتر دەبن تا ڕادەیەک لەبەر گەورەبوونیان و قورسبوونیان بەرەو ڕووی زەوی دێن و دابارین ڕوودەدات، لە گەلێک دۆخدا زۆرکردنی بڕی ئەو تەنۆچکانە لەنێو هەورەکان دەبێتە هۆی زۆرکردنی بڕی دابارین بەڕێژەی 30% بۆ 35%، هەروەها لە هەندێک شوێن لە وەرزی زستان دەشێت ئەم ڕێگایە بەکاربهێنرێت بۆ زۆرکردنی ڕێژەی دابارینی بەفر، یاخود بۆ بچوکردنەوەی قەبارەی تەرزە بەمەبەستی کەمکردنەوەی زیانەکانی، ئەو تەنۆچکەیەی کە بەشێوەیەکی سەرەکی بەکاردەهێنرێت و بەزۆری لە ڕێگەی فڕۆکە لەنێو هەورەکان بڵاودەکرێنەوە بریتیە لە ئاوێتەی یۆدیدی زیو AgI کە هیچ زیانێکیش بە تەدروستی ناگەیەنێت، لەبەر ئەوەی شێوەی گەردی ئەم ئاوێتەیە لە شێوەی گەردەکانی ئاو دەچێت بۆیە زۆر بەباشی و بەخێرایی گەرد و وردیلە بچوکەکانی ئاو لەنێو هەورەکە یەکدەگرن لەگەڵ گەردەکانی ئەم ئاوێتەیە و لەئەنجامدا لەماوەی کەمتر لە نیو کاتژمێر دڵۆپە بارانەکان پێکدەهێنن لەنێو تۆپەڵە هەورەکان، بەهۆی قورس بوونیشیان بەرەو ڕووی زەوی دێن و دابارین ڕوودەدات.

ئایا ئەم کارە هەنگاونانە بەرەو کۆنتڕۆڵکردنی کەش وهەوای سەر هەسارەکەمان؟
ئەم ڕێگایەی سەرەوە بە یەکێک لە ڕێگاکانی دەستکاریکردنی کەش و هەوا دادەنرێت و ڕێژەی سەرکەوتنیشی باشە، لە ئەمەریکا لە هەر شوێنێک ئەنجامدرابێت ڕێژەی دابارینی لایەنی کەم بەبڕی 10% زیادکردوە، لە هەندێک دۆخدا ڕێژەکە زۆر زیاتر بووە، ڕێژەکە بۆ دابارینی بەفر بەگشتی زۆرترە، بەڵام ئێستا لە ئەمەریکا پڕۆگرامی گەورەتر لە قۆناغی لێکۆڵینەوە و تاقیکردنەوەیە بۆ دەستکاریکردنی کەش و هەوا، یەکێک لەوانە کەمکردنەوەی توندی ئەو زریانە بەهێزانەیە کە بە هاریکان ناودەبرێن و ساڵانە لە وەرزەی هاوین و سەرەتای پاییز لە ناوەراستی زەریای ئەتڵەسی دروست دەبن و دەگەن بە کەنارەکانی ڕۆژهەڵات و باشوری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئەو زریانانە ساڵانە دەبنە هۆی مردنی دەیەها و بگرە سەدەها کەس و هەندێک ساڵ بەبڕی دەیەها ملیار دۆلار زیان بەو ناوچانە دەگەیەنن، لێکۆڵینەوەکان لە کۆمەڵێک پڕۆگرامی تریش بەردەوامن بۆ نمونە بەمەبەستی نەهێشت یان دروست نەبوونی تەم، دروستکردنی هەور و دواتر دروستکردنی دابارین لە ناوچە زۆر ووشکەکان، وەستاندن یان کەمکردنەوەی توندی گەردەلولە باراناویەکان ئەوانەی پێیان دەووترێت تۆرنادۆکان، هەروەها زۆرکردنی یان کەمکردنەوەی کرداری تیشک دانەوە لە هەندێک شوێنی جوگرافی لە نێو بەرگە هەوا لە بەرزاییە جیاوازەکان.

بەداخەوە جارێ مرۆڤ تواناکانی بەشێوەیەکی هەرەمەکی بەکارهێناوە تەنیا لەپێناو کۆمەڵێک ئامانجی کورتخایەن کە خۆی دەبینێتەوە لەزۆرکردنی سەرمایە لەسەر حیسابی ژینگە و ژیان، بەڵام من پێم وایە ئەگەر وەرچەرخانێکی سەد و هەشتا پلەیی ڕووبدات لە بیرکردنەوە و ڕەفتارەکان و ئەمەش ببێتە هۆی گۆڕانی شێوازی بەڕێوەبردنی هەسارەکەمان ئەوساکە تا کۆتایی ئەم سەدەیە دەتوانرێت زۆربەی دیاردەکانی کەش و هەوا بەئاڕاستەکدا ببرێن کە لەجیاتی زیان گەیاندن لە خزمەتی ژینگە و ژیاندا دەبن…
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×